بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، دیپلۆماتکارێکی باڵای ئەمریکی ڕایگەیاندووە کە قەتەر دەیەوێت بۆ دابەشکردنی مووچەی فەرمانبەرانی حکومەتی نوێی سوریا پشتیوانی دارایی لەم وڵاتە بکات.
هاوکات ئاژانسی ڕۆیتەرز لە سەر زاری بەرپرسێکی عەرەبی ڕایگەیاندووە کە دانوستانەکانی قەتەر و حکومەتی نوێی سوریا سەبارەت بە دابینکردنی سەرچاوەی دارایی پێویست بۆ دابەشکردنی مووچەی فەرمانبەران درێژەی هەیە بەڵام تا ئێستا نەگەیشتووەتە ئەنجام.
لە ڕاپۆرتەکەی ئاژانسی ڕۆیتەرزدا هاتووە کە قەتەر گوشارەکانی لە سەر ئەمریکا چڕ کردووەتەوە تا سزا و گەمارۆکانی سەر سوریا هەڵبگرێت.
حکومەتی نوێی سوریا بەڵێنی ئەوەیداوە کە مووچەی فەرمانبەران بە ڕێژەی لە سەدا 400 زیاتر بکات.
ژمارەی مووچەخۆرانی سوریا لە کەرتی حکومیدا یەک ملیۆن و 250 هەزار کەسە و محەممەد ئەبازەید وەزیری دارایی لە دەسەڵاتەکەی جۆلانی ڕایگەیاندووە کە سوریای نوێ بە خەزێنەی بەتاڵ و قەرزی دەرەکییەوە ناتوانێت مووچە دابەش بکات./.