بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، محەممەد جەواد زەریف لە وتووێژی لە گەڵ ڕۆژنامەی ئێران سەبارەت بە خولی دووەمی سەرۆکایەتی دوناڵد ترەمپ لە ئەمریکا وتی: کەسایەتی دوناڵد ترەمپ تووشی گۆڕانکاری نابێت، هەر بۆیە کەسێک دەبێت کە خۆی بڕیارەکان دەردەکات، لەم خولەدا بەهێزتر دەبێت لە بەر ئەوەی کە هەر دوو بەشی کۆنگرێس، دادوەرەکانی دیوانی باڵای وڵات و بەشێکی بەرچاوی ویلایەتەکانی ئەمریکاشی لە گەڵە، ئەو لەوەدا سەرکەوتوو بووە دەنگی بەشێکی بەرچاوی ئەمریکا بە بێ ئیمکانیاتی حیزبی ڕابکێشێت، هەربۆیە سەرۆک کۆمارێکی بەهێز دەبێت.
ناوبراو وتی: دکتۆر مەسعود پزیشکیان سەرۆک کۆمار لەوەدا سەرکەوتوو بووە کە لە 5 مانگی ڕابردوودا بە پشتیوانی ڕێبەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامی، ئێران لە شەڕ دوور بکاتەوە. بە بۆچوونی من ترەمپ شەڕی ناوێت، من زۆر بڕوام بە هەندێک لێدوان نییە، بە بۆچوونی من کەسایەتییەکەی گرنگە بەڵام ئێرانیش لایەنێکی کاریگەری ناوچەکەیە، واتە ئێمەین کە دیاریی دەکەین هەڵسووکەوتی ترەمپ لە گەڵ ئێمە چۆن بێت.
زەریف سەبارەت بە لایەنەکانی بەرەی خۆڕاگری لە ناوچەکەدا وتی: هێزی ئێران بە هۆی ئەو گرووپانەوە نییە. واتە بە نەمان یان لاوازبوونیان ئێران بچووک نابێتەوە، ئێران پشتیوانی لەوان کردووە بەڵام هێزی خۆیی بەوانەوە گرێنەداوە، لە بەر ئەوەی کە هیچ کات بە نوێنەرایەتی ئێران شەڕیان نەکردووە.
جێگری سەرۆک کۆماری ئێران بۆ کاروباری ستراتیژی وتی: ئێران وڵاتێکی گرنگە و کاریگەرییەکی زۆری لە ناوچەکەدا هەیە و بە بێ ئێران هیچ کێشەیەکیش چارەسەر ناکرێت./.