بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، فەریق حوسێن سەلامی لە ڕێوڕەسمێکدا لە شاری ئابادان ی سەر بە پارێزگای خوزستان وتی:داواکارییەکی زۆر لە لایەن خەڵکەوە بۆ جێبەجێکردنی بەڵێنی ڕاستگۆیانەی – 3 هەیە و ئەمەش پیشاندەری تێگەیشتنی گەلی ئێمەیە و بڕوایان بە بەهێزبوونی نیشتمانی، ئەوان دەیانەوێت کۆماری ئیسلامی بە هێز و کارامەییەوە هەنگاو بنێت.
ناوبراو وتی: ئێمە یارمەتیدەری مسۆگەربوونی ئەم خواست و داواکارییەی خەڵک دەبین و دەبێت ئەوەش بسەلمێنین کە ئێران بەهێزەوە ماوەتەوە، بە پێچەوانەی ئەوانەی کە بانگەشەی لاوازبوونی ئێران و لەدەستدانی گرووپەکانی لە ناوچەکەدا دەکەن، ئێمە هەر لە سەرەتاوە بڕیارمانداوە خۆڕاگریی هەر وڵات بە پێی تێبینی و تایبەتمەندییەکانی خۆی بێت و ئێمە پێویستمان بە پشت بەستن بە کەسی دیکە نەبووە.
فەرماندەی گشتی سوپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامی ئێران وتی: ئێمە ئەوەندە گەورە و بەهێزین کە دەتوانین لە ناو خاکی خۆمانەوە وەڵامی دوژمن بدەینەوە، ئەگەر وەها نەدەبوو پێویستمان بە ئۆپەراسیۆنی مووشەکیی بەڵێنی ڕاستگۆیانەی 1 و 2 نەدەبوو و دەمانتوانی ئەوەش ڕادەستی لایەنەکانی دیکە بکەین.
سەلامی وتی: لە بەشی ئاسمانی و مووشەکیی سوپای پاسداران سەرقاڵی بەرهەمهێنانی جۆرە مووشەکێکی نوێین کە تایبەتە، دەستمان لە سەر چەکە و جلی سەربازی و شەڕمان لەبەردایە، هیچ دوژمنێک ناتوانێت هەڕەشە لە ئێران بکات و وەڵام دەدەینەوە.
وتیشی کە ئەمڕۆ ڕژێمی زایۆنیستی نە ئاسایشی هەیە و نە ئابورییەکی گەشاوە، زەنگی ئاگادارکردنەوە بەردەوام لە ناوخۆی ئەم ڕژێمەدا لێدەدرێت و مووشەکەکانی یەمەن بەردەوام دەگەنە ئامانجەکانی خۆیان، زایۆنیستەکان بە بێ پشتیوانی ئەمریکا تەنانەت بۆ یەک کاتژمێر بەرگە ناگرن و بەرپرسەکانی لە ئاستی ناوچەیی و نێودەوڵەتیدا پەراوێز خراون./.