بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، رۆژی هەینی 10 ی کانوونی دووەمی 2025 بە ئامادەبوونی فەرماندەی گشتی و فەرماندەی هێزی ئاسمانی و مووشەکیی سوپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامی ئێران ڕوونوێنی لە شاری نوێی مووشەکیی کرا.
فەریق حوسێن سەلامی فەرماندەی سوپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامی ئێران لە ڕێوڕەسمی کردنەوەی ئەم شارە مووشەکییەدا ڕایگەیاند کە هێزی سەربازیی ئێران لە بواری مووشەکی و درۆنی و ئاویدا گەیشتووەتە ئاستێکی بەرز و هیچ کەموکورتییەک لەم بوارانەدا نییە.
هێزی مووشەکیی ئێران سەرنجی میدیا نێودەوڵەتییەکانی بۆ خۆی ڕاکێشاوە. کەناڵی سی ئێن ئێن لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاندووە کە ئێران وەبەرهێنانی مووشەکێکی تایبەتی ئاشکرا کردووە.
ئەو کەناڵە بە ئاماژە بە وێنە و ڤیدیۆی بڵاوکراوەی ئەم شارە مووشەکییە لە لایەن میدیای نیشتمانی ئێرانەوە ڕایگەیاند کە فەرماندەی هێزی ئاسمانی و مووشەکیی ئێران ئەم شارە مووشەکییەی بە گڕکانێکی خەوتوو پێناسە کردووە.
سی ئێن ئێن ڕایگەیاندووە کە ئێران لەم شارە مووشەکییە لە دوو هێرشی مووشەکی لە دژی ئیسرائیل کەڵکی وەرگرتووە.
زۆربەی میدیا نێودەوڵەتییەکان بە گرنگییەوە باسی ئەم شارە مووشەکییەی سوپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامی ئێرانیان کردووە. ئەوان ڕایانگەیاندووە کە هاوکات لە گەڵ بەرزبوونەوەی ئاستی ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە، ئێران ڕوونوێنی لە شارێکی نوێی مووشەکی کردووە.
میدیاکانی بەریتانیاش ڕایگەیاندووە کە ئیسرائیلییەکان نیگەرانی هێرشێکی ئێرانن کە ڕەنگە لە زووترین کاتدا بکرێتە سەر ئەو ڕژێمە و ئەمەش سێهەم هێرشی ڕاستەوخۆی ئێران لە دژی تەل ئەبیب دەبێت.
ڕۆژنامەی جرۆزاڵم پۆست ڕایگەیاندووە کە لە شارە مووشەکییەکەی ئێراندا مووشەکی بالستی قەدر ڕوونوێنی کراوە کە بەرهەمی ساڵی 2007 ی ئێرانە و کڵاوەکەی دەتوانێت ڕێژەیەکی زۆر لە بۆمب هەڵبگرێت.
کەناڵی العربیە ی سعوودیەش ڕایگەیاندووە کە ڕوونوێنی لە شارە مووشەکییەکەی ئێران پێش ڕێوڕەسمی دەستبەکاربوونی دوناڵد ترەمپ، پەیامێکی ڕوونی ئێرانە بۆ وڵاتانی ڕۆژئاوا.
میدیا نێودەوڵەتییەکان بە تایبەت میدیاکانی وڵاتانی ڕۆژئاوا لە کاتێکدا بە نیگەرانییەوە باسی شارە مووشەکییەکەی ئێرانیان کردووە کە پێشتر بانگەشەی ئەوەیان دەکرد ئێران و بەرەی خۆڕاگری بە هۆی گۆڕانکارییەکانی ناوچەکەوە لاواز بووە./.