بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، فەرماندەی پۆلیسی کرماشان بە ئاماژە بە وردەکارییەکانی ئەم ڕووداوە وتی: شەوی ڕابردوو، دوابەدوای ئاگادارکردنەوەی پۆلیس سەبارەت بە تەقەکردن لە زەماوەندێکی یەکێک لە گوندەکانی سەر بە ناحیەی سەرفیروزئاباد، هێزەکانی پۆلیس ڕەوانەی شوێنی ڕووداوەکە کران و لێکۆڵینەوەیان دەستپێکرد.
عەقید محەممەدڕەزا یاری لە درێژەی قسەکانیدا وتی؛ لە لێکۆڵینەوەکەدا دەرکەوتووە کە بە هۆی تەقەکردنەوە، سێ کەس گیانیان لەدەستداوە کە دوو پیاو و ژنێکیان تێدایە و چوار کەسی دیکەش بریندار بوون.
فەرماندەی پۆلیسی شاری کرماشان هەروەها وتی: لێکۆڵینەوە و ڕێوشوێنی تایبەتی پۆلیس بۆ دەستنیشانکردن و دەستگیرکردنی ئەنجامدەر یان ئەنجامدەرانی تەقەکردنەکە دەستیپێکردووە و ئەنجامەکانیش ئاشکرا دەکرێن.
تەقەکردنەکە لە ڕێوڕەسمی زەماوەندێکدا بووە و کەسێک تەقەی لە بەشداربووان کردووە و ئەو کارەساتەی خوڵقاندووە.
ناحیەی سەرفیروزئاباد سەر بە کرماشانە و ژمارەی دانیشتووانەکەی زیاتر لە 21 هەزار کەسە و لە 230 گوند پێکهاتووە./.