بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، نەعیم عەبودی وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی عێراق لە تاران لە گەڵ حوسێن سیمایی سەڕاف وەزیری زانست، توێژینەوە و تەکنۆلۆژیای ئێران کۆبووە. کۆبوونەوەکە هاوکاتە لە گەڵ نزیکبوونەوەی وادەی بەڕێوەچوونی هەفتەی زانستی ئێرانە لە عێراق کە بڕیارە لە شاری کەربەلا بەڕێوە بچێت.
وەزیری زانستی ئێران لەو کۆبوونەوەدا بە ئاماژە بە هاوبەشییەکی زۆر لە نێوان هەر دوو وڵاتدا وتی: لە بەشی زانست و تەکنۆلۆژیادا داوای گەشەپێدانی پەیوەندییەکان و جێبەجێکردنی ڕێکەوتنەکانی نێوان ئێران و عێراق دەکەین.
سیمایی وتی: هەر دوو وڵاتی ئێران و عێراق لە قۆناغە مێژووییەکاندا پێشوازییان لە زانایان کردووە و لەم بوارەدا ڕۆڵی ناوەندەکانی قوم و نەجەف بەرز و بەرچاو بووە و ئەم مێژووە دەوڵەمەندەش وا دەکات پلانی پەرەپێدانی پەیوەندییە زانستییەکان لە ئاستێکی باڵادا دابڕێژین.
ناوبراو وتی: لە بەشی هاوکاری زانکۆییدا چەندین زانکۆی بەناوبانگی ئێرانی ئامادەیی ئەوەیان هەیە لە ئەگەری چارەسەرکردنی بەربەستە کارگێڕییەکان لقەکانی خۆیان لە عێراقدا بکەنەوە و لەم پێناوەدا پشتیوانی وەزارەتی خوێندنی باڵای عێراق ڕۆڵی بەرچاوی دەبێت./.