بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، توێژینەوە نوێیەکان دەریدەخەن ئەو کەسانەی قاوەیان تەنیا لە کاتژمێرەکانی بەیانیدا دەخۆنەوە، لە گەڵ کەمبوونەوەی 16% مەترسی مردنی پێشوەختە و بە ڕێژەی 31% کەمبوونەوەی مەترسی مردن بە هۆی نەخۆشییەکانی دڵ و خوێنبەرەکانەوە بە بەراورد بەوانەی کە بە هیچ شێوەیەک قاوە ناخۆنەوە. ئەم ئەنجامانە لە توێژینەوەیەکی گشتگیرەوە هاتوون کە لە سەر زیاتر لە ٤٠ هەزار کەس ئەنجامدراون کە داتاکانیان لە نێوان ساڵانی ١٩٩٩ بۆ ٢٠١٨ کۆکراونەتەوە.
دکتۆر لوچی، مامۆستای تەندرووستی گشتی لە زانکۆی تولان و نووسەری سەرەکی توێژینەوەکە لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاندووە کە ئەمە یەکەم توێژینەوەیە کە لە کاتی خواردنەوەی قاوە و پەیوەندییەکەی لە گەڵ تەندرووستیدا دەکۆڵێتەوە. بە زۆری لە پێشنیارەکانی خۆراکدا کات لەبەرچاو ناگیرێت، بەڵام ڕەنگە لە داهاتوودا لێکۆڵینەوەی زیاتر لەم بابەتە بکەین.
توێژەران لەم توێژینەوەیەدا شێوازی کاتی خواردنەوەی قاوەیان بە سەر سێ قۆناغدا دابەشکردووە:
بەیانی (٤ تا ١١:٥٩)
نیوەڕۆ (١٢ تا ٤:٥٩ )
ئێواران (5 ئێوارە تا 3:59 بەیانی)
لە ئەنجامی لێکۆڵینەوەکە دەرکەوتووە ئەو کەسانەی قاوەیان تەنیا لە بەیانیاندا دەخۆن، لە ڕووی تەندرووستی دڵ و تەمەن درێژییەوە زۆرترین سوود بەدەست دەهێنن. ئەنجامی ئەم توێژینەوەیە ئەوە دەردەخات کە بۆ ئەوەی زۆرترین سوودی قاوە بەدەست بهێنیت، خوو بگرە بە خواردنەوەی قاوەکەت تەنیا لە کاتژمێرەکانی بەیانیاندا بۆ ئەوەی یارمەتیت بدات دڵت تەندرووست بێت و تەمەنت درێژ بکاتەوە./.