لە کۆنفرانسی ئاسایش و ئاشتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کە لە شاری دهۆکدا بەڕێوەچوو، فۆئاد حوسێن وەزیری دەرەوەی عێراق ڕایگەیاند کە ڕژێمی زایۆنیستی بە شێوازی فەرمی هەڕەشەی هێرشی ئاسمانی و مووشەکیی لەم وڵاتە کردووە.
ئەم هەڕەشانە لە کاتێکدا بوو کە هێشتا ئاگربەستی باشوری لوبنان جێگیر نەکرابوو و شەڕ لە نێوان حزبوڵڵا و ڕژێمی زایۆنیستی درێژەی هەبوو و ڕووداوەکانی سوریا و کەوتنی دەسەڵاتەکەی بەشار ئەسەد ڕووی نەدابوو، سەرەڕای ئەمە تەل ئەبیب بە شێوازی فەرمی و نووسراو هەڕەشەی لە عێراق کردبوو. ئامانج لەم هەڕەشەیەش لە ڕاستیدا سنوردارکردنی ڕۆڵی حەشدی شەعبی بە تایبەت لە هێرشە درۆنییەکانی سەر ناوچە داگیرکراوەکانی فەڵەستین وەک پشتیوانییەک بۆ خەڵکی زوڵملێکراوی غەززە بوو.
لەو کاتەدا سەرچاوەکانی نزیک لە ئەمریکا لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان 29 ئامانجی هێرشەکانی ڕژێمی زایۆنیستییان لە عێراق بڵاوکردەوە کە بنکە سەربازییەکان، نووسینگەی کەسایەتییە ناودارە سەربازی و سیاسییەکان و هەروەها ئەو کەسانەی لە خۆگرتبوو کە ئەگەری تیرۆرکردنیان لەئارادابوو.
لەم هەلومەرجەدا ئەمریکا هەوڵی دەدا وەک نێوەندگێڕێک لە نێوان عێراق و ڕژێمی زایۆنیستیدا بێت و ڕێگری لە سەرهەڵدانی شەڕێکی نوێ بکات. واشنتن لە چوارچێوەی ئەم سیاسەتەدا هەوڵیدا حکومەتی عێراق هێزەکانی حەشدی شەعبی تێکەڵ بە سوپای ئەم وڵاتە بکات و تەنانەت لە سەر وردەکارییەکانی ئەم پرۆسەیەش دانوستان بکرێت. هەندێک کەس پێشنیاری ئەوەیان دەکرد کە ئەم تێکەڵکردنە بە شێوازی نافەرمی و لە چوارچێوەی کەسەکاندا بێت و بەم شێوەیە پێکهاتەی ئێستای حەشدی شەعبی نەمێنێت. هەندێکی دیکە لەو بڕوایەدا بوون کە ئەم تێکەڵکردنە دەتوانێت بە شێوازی فەرمی و لە چوارچێوەی لەشکر و تیپەکان لە سوپای عێراقدا بێت.
لەم پێناوەدا چەندین پێشنیاری دیکە لە لایەن گرووپە سیاسی و وڵاتانی بیانییەوە دەخرایەڕوو. یەکێک لەوانەش ئەوە بوو کە پێکهاتەی حەشدی شەعبی بمێنێتەوە و چەندین گرووپی هەڵبوەشێنرێنەوە. هەندێک کەس پێداگرییان لە سەر هەڵوەشانەوەی 6 گرووپی نێو حەشدی شەعبی دەکرد. ئەم پێشنیارەش زیاتر لە لایەن گرووپە سیاسییەکانی نەیاری خۆڕاگری دەخرایەڕوو و لەو ڕاستییە ئاگادار بوون کە حەشدی شەعبی دەستەبەری سەربەخۆیی عێراق دەکات و ئەوەیان دەزانی کە ئەگەر حەشد هەڵبوەشێتەوە، ڕەنگە عێراق ڕوبەڕوی بۆشایی ئەمنی ببێتەوە، بە تایبەت ئەگەر ڕوبەڕوی هەڕەشەی گرووپە تیرۆریستییەکان یان پیلانگێڕییە ناوخۆیی و دەرەکییەکان ببێتەوە، دەتوانێت عێراق بەرەو قەیرانێکی گەورەی ناوخۆیی ببات.
لە بەرامبەردا، چەندین لایەنی شیعی کە بە جۆرێک هاوکاری خۆڕاگرییان دەکرد، بیرۆکەی جیاوازیان هەبوو. ئەوان پێشنیاریان دەکرد کە پێکهاتەی حەشدی شەعبی بگۆڕدرێت بەڵام بەردەوام بمێنێتەوە.
دوو بیرۆکەی دیکە کە لە لایەن گرووپەکانی خۆڕاگرییەوە ئاراستە کرا، یەکێک سنوردارکردنی جموجوڵەکانی حەشدی شەعبی بۆ ماوەیەکی دیاریکراو بوو کە پێیان وابوو لەم سێ یان چوارمانگەدا گوشارەکانی ئەمریکا و لایەنە دەرەکییەکان بوونی هەیە. پێشنیارەکان ئەوە بوو کە جموجوڵەکانی حەشد ڕابگیرێت تا بەم سەر ئەم قۆناغی گوشارەکاندا زاڵ ببن. لە بەرامبەردا هەندێک پێیان وابوو کە ڕاگرتنی جموجوڵ و چالاکییەکان پیشاندەری لاوازییە و خۆڕاگری دەبێت درێژە بە چالاکییەکانی بدات، لە بەر ئەوەی کە ڕاگرتنی جموجوڵەکان، بە تایبەت لە بەرامبەر ئەمریکا و ڕژێمی زایۆنیستی، دەتوانێت گوشارەکان زیاتر بکات.
ئەم گرووپانە لەو بڕوایەدا بوون کە عێراق دەبێت ئیرادەی خۆیی هەبێت و لە بەرامبەر گوشارە دەرەکییەکاندا خۆڕاگری بکات، لە بەر ئەوەی کە هیچ لایەنێکی دەرەکی توانای ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی لە عێراقدا نییە. ئەوان ئاماژەیان بەم خاڵەدابوو کە ئەگەر عێراق لەم قۆناغەدا ئیرادەی نیشتمانیی خۆی پیشان بدات، گوشارە دەرەکییەکان ناتوانێت ببنە هۆی گۆڕینی بڕیارەکانی ئەم وڵاتە.
گرنگییەکەی ئەمەش بۆ ئەوەیە کە بڕیارە کۆتاییەکان لە ئاستی سیاسی عێراق دەتوانێت کاریگەرییەکی زۆری لە سەر دۆخی ئەمنی ئەم وڵاتە و پەیوەندییەکانی لە گەڵ لایەنە دەرەکییەکاندا هەبێت. لە ئێستادا پرسیاری گرنگ ئەوەیە کە ئەگەر گوشارە دەرەکییەکان لە ڕووی سیاسییەوە دژ بە عێراق بەردەوام بێت، بەغدا چ کاردانەوەیەکی دەبێت و ئایا گوشارەکان دەتوانن ئاراستەی بڕیاردانی دەسەڵاتدارانی عێراقی بگۆڕن؟/.