بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، توێژەران ڕۆبۆتێکیان درووست کردووە کە کێشی سووکە و دەتوانرێت لەبەر بکرێت کە یارمەتی ئەو کەسانە دەدات کە ئیفلیجی بەشی خوارەوەی جەستەیان هەیە بۆ جوڵە تا بە یارمەتی ئەم ڕۆبۆتە بڕۆن و بە پلیکانەکاندا سەرکەون.
گرووپی توێژینەوەی تاقیگەیی ئێگزۆئێسکێلێتۆن لە پەیمانگای زانست و تەکنەلۆژیای پێشکەوتووی کۆریای باشور ڕایگەیاندووە کە ئامانجی ئەم گرووپە درووستکردنی ڕۆبۆتە بۆ یارمەتیدانی کەمئەندامان لە ژیانی ڕۆژانەیاندا.
کیم سوونگوان، ئەندامی گرووپی توێژینەوەکە کە خۆی ئیفلیجی بەشی خوارەوەی جەستەی هەیە، پرۆتۆتایپی ڕۆبۆتەکەی نمایش کرد کە یارمەتی دەدات بە خێرایی ٣.٢ کیلۆمەتر لە کاتژمێرێکدا بڕوات و بە پلیکانەکاندا سەرکەوێت و بە ڕێکوپێکی لە سەر کورسییەک دابنیشێت.
ئەم ڕۆبۆتە لە تێکەڵەیەک لە ئەلەمنیۆم و تیتانیۆم درووستکراوە کە کێشی ٥٠ کیلۆگرامە وە بە ١٢ ماتۆڕی ئەلیکترۆنی کاردەکات کە جوڵەی جومگەکانی مرۆڤ لە کاتی ڕۆیشتندا ھاوشێوە دەکات. ئەم ڕۆبۆتە هەستەوەری لە سەر بنی پێیەکان و بەشی سەرەوەی جەستەی تێدایە کە لە چرکەیەکدا چاودێری هەزاران سیگناڵ دەکات و پێشبینی جوڵەی بەکارهێنەر دەکات.
پارک جێۆنگ سوو ئەندامێکی تری گروپی توێژینەوەکە ڕایگەیاندووە کە درووستکردنی ئەم ڕۆبۆتە ئیلهامێکی لە فیلمی پیاوی ئاسن وەرگرتووە.
ناوبراو ڕایگەیاندووە کە دوای سەیرکردنی فیلمی Iron Man، پێی وابووە زۆر باش دەبێت کە بتوانێت بە ڕۆبۆتێک یارمەتی خەڵک بدات لە ژیانی ڕاستەقینەدا./.