بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، بەڕێوەبەری بەشی پەیوەندییە گشتییەکانی دیوانی سەرۆکایەتی کۆماری ئێران ڕایگەیاند کە دکتۆر مەسعود پزیشکیان سەرۆک کۆماری ئیسلامی ئێران بە ئامانجی گەشەپێدانی پەیوەندییەکان و واژۆکردنی ڕێکەوتنی هەمەلایەنەی نێوان تاران و مۆسکۆ، سەردانی هەر یەک لە وڵاتانی تاجیکستان و ڕووسیا دەکات.
حەبیبوڵا عەباسی ڕایگەیاند کە پزیشکیان سبەی چوارشەممە گەشتە سێ ڕۆژەکەی بۆ ئەو دوو وڵاتە دەست پێدەکات.
ناوبراو ڕایگەیاند کە سەرۆک کۆماری ئیسلامی ئێران لە سەردانەکەیدا بۆ تاجیکستان و ڕووسیا، بەدەر لە واژۆکردنی ڕێکەوتن و یاداداشتی لێک تێگەیشتنی هاوکاری هاوبەش، لە گەڵ چالاکوانانی ئابوری ئەو دوو وڵاتەش کۆدەبێتەوە.
عەباسی ڕایگەیاند کە بەشی یەکەمی سەردانەکەی پزیشکیان بۆ تاجیکستان دەبێت و لە گەڵ سەرۆک کۆمار، سەرۆک وەزیران و سەرۆکی پەرلەمانی ئەو وڵاتە کۆدەبێتەوە.
بەڕێوەبەری بەشی پەیوەندییە گشتییەکانی دیوانی سەرۆکایەتی کۆماری ئێران هەروەها ڕایگەیاند کە دکتۆر پزیشکیان لە بەشی دووەمی گەشتەکەیدا دەگاتە ڕووسیا و بەدەر لە کۆبوونەوە لە گەڵ سەرۆک کۆمار و سەرۆک وەزیرانی ئەو وڵاتە، کۆبوونەوەشی لە گەڵ بازرگانان و خاوەن کارگەکانی ڕووسیا دەبێت.
ڕاشیگەیاندووە کە واژۆکردنی ڕێکەوتنی هاوکاری هەمەلایەنەی ئێران و ڕووسیا بە گرنگترین دەسکەوتی ئەم سەردانە دادەنرێت./.