بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، محەممەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق لە چاوپێکەوتنی کەناڵەکانی بی بی سی عەرەبی و ئینلیزی وتی: پەیوەندییە مێژووییەکانی نێوان عێراق و بەریتانیا ئێمە بەرەو هاوکاری زیاتر بۆ مسۆگەرکردنی بەرژەوەندییەکانی هەر دوو وڵاتی دۆست، هان دەدات.
ناوبراو وتی: پەیوەندییەکانی نێوان عێراق و بەریتانیا لە بوارەکانی ئابوری، بازرگانی، ڕۆشنبیری، پەروەردە و ئەمنی بەرەو گەشەسەندن دەبرێت.
سەرۆک وەزیرانی عێراق سەبارەت بە سیاسەتی دەرەوەی وڵاتەکەی وتی: عێراق سیاسەتێکی هاوسەنگی پەیرەو کردووە و بە پێی ئەوەش بەرژەوەندییە باڵاکانی خۆی سەرەڕای تەواوی کێشە و گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە، لە سەرووی هەموو شتێکەوە داناوە.
سودانی وتی: پاش 7 ی تشرینی یەکەمی 2023 ناوچەکە گۆڕانکارییەکی زۆری بەخۆوە بینیوە و ئێمە بەردەوام بیرۆکە و تێڕوانینی خۆمان خستووەتەڕوو، وێڕای ئەوەی کە عێراق پابەندی وتووێژ و چارەسەری ئاشتیانەیە.
ناوبراو سەبارەت بە سوریا وتی: ئێمە ڕێز لە ئیرادەی گەلی سوریا بۆ دیاریکردنی چارەنووسی خۆیان دەگرین و لەو بڕوایەداین کە دەبێت مافی تەواوی پێکهاتەکانی سوریا پارێزراو بێت و دەرفەتی چالاکبوونەوەی تیرۆریستان دابین نەکرێت، ئێمە دژی هەر دەستێوەردانێکین لە کاروباری وڵاتانی عەرەبی.
سودانی وتی: ئێمە پەیوەندییەکی باشمان لە گەڵ وڵاتانی دراوسێ و کۆمەڵگای نێودەوڵەتیدا هەیە، ئێران وڵاتێکی دراوسێی ئێمەیە کە پەیوەندییەکی باشمان لە گەڵ ئەم وڵاتەدا هەیە، هاوکارییەکی زۆرمان پێکەوە هەیە، وێڕای ئەوەی کە لە گەڵ سعوودیە، میسر و ئەردەنیش هاوکاریمان هەیە.
ناوبراو وتی: هاوکات لە گەڵ ئەمریکاش پەیوەندییەکی باشمان هەیە و ئەمەش تایبەتمەندییەکی گەورەیە بۆ عێراق، ئێمە سەربەخۆیی لە بڕیاردان و سەربەخۆیی عێراق لە هەر بوارێکدا دەپارێزین و موڵەتی دەستێوەردان بە کەس نادەین./.