بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، خەلیل حەیە لە سەرکردەکانی حەماس و سەرۆکی ئەم بزوتنەوەیە لە کەرتی غەززە لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنیدا وتی: ئێمە لەم ساتە مێژووییەی خەبات و تێکۆشانی خۆمان، شانازی بە گەلی خۆمانەوە دەکەین، ئێمە ڕێز و سڵاو بۆ بنەماڵەکان و ئەو شەهیدانە دەنێرین کە لە شەڕی بەرگری لە قودس و ئەقسا گیانی خۆیان بەخت کرد.
ناوبراو بە ئاماژە بەوەی کە ئۆپەراسیۆنی زریانی ئەقسا خاڵێکی وەرچەرخانی گرنگ لە مێژووی خەبات و ئامانجەکانی گەلی فەڵەستیندا بووە، وتی: ئەوەی کە کەتیبەکانی قەسام کردوویانە، زیانێکی گەورەی بە ڕژێمی زایۆنیستی گەیاند و لە مێژوودا دەمێنێتەوە، دوژمن لە ئێمە تەنیا بۆ ساتێک لاوازبوون و پاشەکشە نابینێت.
سەرۆکی بزوتنەوەی حەماس لە غەززە وتی: ستایشی پشتیوانی و هاوکارییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران دەکەین، بۆ بەرگری لە ئێمە و گەلی فەڵەستین دوو جار هێرشی مووشەکیی کردە سەر ڕژێمی زایۆنیستی و قووڵایی ئەو ڕژێمەی کردە ئامانج./.