مەنووچێهری حەبیبی ئێوارەی ڕۆژی چوارشەمە لەکۆبوونەوە لەگەڵ شێخ جەلال نوری سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان، له هۆڵی کۆبوونەوەکانی ئیدارەی پاریزگا کە بە ئامادەبوونی جێگری ئابووری پارێزگار و ڕاوێژکاری پارێزگار بۆ کاروباری عێراق و بەرپرسانی کارگێڕی و بازرگانی و بەڕێوەبەرانی دەزگا جۆراوجۆرەکان بەڕێوەچوو، گوتی: پارێزگای کرماشان و ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان، هاوبەشی ئایینی و نەژادی و کەلتووری و مێژووییان هەیە و هەردوولا پەرۆشن لەمەڕ فراوانکردنی پەیوەندییەکان لەبوارە جیاوازەکاندا.
وتیشی: پارێزگای کرماشان ژێرخانێکی زۆر باشی هەیە لەبواری تەندروستی و پزیشکیدا هەیە و بەتەواوی ئامادەیە بۆ پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری پسپۆڕی بەرز، بە نەخۆشانی هەرێمی کوردستان.
پارێزگاری کرماشان لە درێژدا گوتی: لەم بارەیەوە سەرۆکی بەڕێوەبەرایەتی سەربەخۆی گەرمیان و وەفدی یاوەری سەردانی چەند نەخۆشخانەیەکی پێشکەوتوو و چالاک لە بواری گەشتیاری تەندروستیدا دەکەن، بە مەبەستی ئاشنابوون لەنزیکەوە بە توانا و ئاسانکاری و کەرەستەی پزیشکی ئەو کۆمەڵگەیانە.
ناوبراو لە درێژەدا باسی لە پرسەکان لەبواری کشتوکاڵیدا کرد و گوتی: بواری کشتوکاڵی پارێزگای کرماشان، لە بواری دابینکردنی خزمەتگوزاری ئەندازیاریی تەکنیکی و دروستکردنی خانوی پلاستیکی و هتد ئامادەیی خۆی ڕادەگەینێت.
حەبیبی لە درێژەدا گوتی: بەهۆی چالاکی کارگەکانی ئاردی مۆدێرن لە کرماشان، ئامادەکاری ڕاگەیەندراوە بۆ گۆڕینی گەنمی گەرمیان بۆ ئارد لە پارێزگاکەدا.
ناوبراو ئاماژەی داوەتە سەر ڕێککەوتنەکانی نێوان هەردوولا بە مەبەستی بەرزکردنەوەی ژێرخانی سنووری پەرویزخان و گوتی: هیوادارین بە بەرزکردنەوەی ئەم ژێرخانانە پرسی ترانزیتی کەلوپەل و هاتوچۆی گەشتیاران، خێراتر بەدواداچوونی بۆ بکرێت.
پارێزگاری کرماشان ڕایگەیاند: بڕیاردرا بەرپرسانی کرماشان و گەرمیان هەر سێ مانگ جارێک کۆبوونەوەیەکی هاوبەش ئەنجام بدەن بۆ هەماهەنگی زیاتر. بێگومان لەو ماوەیەدا بەڕێوەبەرانی بوارە جۆراوجۆرەکانی گەشتوگوزار و کشتوکاڵ و پزیشکی و هتد به پێی پێویست کۆبوونەوەی هاوبەشی خۆیان ئەنجام ئەدەن.
ناوبراو سەبارەت بە چالاکبوونی سنووری “تیلەکۆ” لە سەرپۆلی زەهاب گوتی: ژێرخانی پێویست لەلای کرماشان لەبەردەستدایە و هیوادارین بەهۆی بەدواداچوونی بەرپرسانی گەرمیانەوە ژێرخانی پێویست و ئامادەکارییەکان دابین بکرێت و لە ئایندەیەکی نزیکدا ببینین ئەم بازاڕە دەکرێتەوە و خەڵکی ناوچەکە لەم سنوورە سوودمەند دەبن.
شێخ جەلال نوری سەرۆکی ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان لە عێراق لە درێژەدا گوتی: گەرمیان هەرێمێکی زۆر گرنگە بۆ ئێران و هەرێمی کوردستان بەهۆی بوونی سنووری بازرگانی پەرویزخانەوە.
وتیشی: جگە لەوەش خەڵکی گەرمیان زۆرترین پەیوەندی گەشتیاری و بازرگانی و … هەیە، لەگەڵ پارێزگای کرماشان
شێخ جەلال نوری، وتیشی: ئەمڕۆ دەسەڵاتدارانی کرماشان و گەرمیان ڕێککەوتنی باش و گرنگیان لە بوارە جیاجیاکاندا ئەنجامداوە، کە یارمەتیدەرە بۆ فراوانکردنی پەیوەندییە بازرگانییەکانی هەر دوو لا.
ناوبراو فراوانکردنی پەیوەندییەکان لەگەڵ کرماشان بۆ دەسەڵاتدارانی گەرمیانی زۆر بە گرنگ دانا و گوتی: بۆ خێراکردنی چارەسەری کێشەکانی سنووری پەرویزخان، چارەسەری گونجاو لەبەرچاو گیراوە و بە یارمەتی ئەو ڕێکارانە پەیوەندییە ئابووری و بازرگانییە لەسەر ئەو سنوورە فراوانتر دەکەین.