بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ڕەنگە ئەمڕۆ جەستەت یان دەست و دەموچاوت بە خاولی وشک کردبێتەوە بەڵام ئەو خاولییەی کە بەکاری دەهێنیت چەند پاک بوو و پرسیارێکی باو ئەوەیە کە چەند جار خاولی بشۆین؟
زۆر کەس هەفتەی جارێک خاولییەکانیان دەشۆن، لە کاتێکدا توێژینەوەیەک لە سەر ١٠٠ کەس لە بەریتانیا دەریخستووە کە یەک لە سەر سێی خەڵک مانگێک جارێک ئەم کارە دەکەن. تەنانەت هەندێک دانیان بەوەدا ناوە کە ساڵانە تەنیا جارێک خاولییەکانیان دەشۆن.
ڕەنگە ڕیشاڵی نەرمی خاولییەکان هیچ شوێنەواری پیسبوون نیشان نەدات، بەڵام پێویستە ئەوە بزانرێت کە خاولی شوێنێکی نیشتەجێبوونی تەواو و گونجاوە بۆ ملیۆنان میکرۆب. توێژینەوەکان دەریانخستووە کە خاولی دەتوانێت بە خێرایی بەکتریاکانی سەر پێستی مرۆڤ هەڵبمژێت. هەروەها قارچک و بەکتریا لە هەوادا دەتوانن لە سەر ڕیشاڵی خاولیەکە دابنیشن.
ئەلیزابێت سکۆت، مامۆستای بایۆلۆجی لە زانکۆی سیمۆنس لە بۆستن لە ئەمریکا دەڵێت: میکرۆبەکان بە شێوەیەکی سرووشتی لە سەر خاولییەکان ناژین. هەر شتێکی مەترسیدار لە سەر خاولییەکە ڕەنگە لە مرۆڤێکەوە بووبێت.
دکتۆر سکۆت پێشنیاری ئەوەی کردووە کە هەفتەی جارێک خاولی بشۆیت و ئەگەر نەخۆشییەک لە ماڵدا هەبوو وەک ڕشانەوە پێویستە ڕۆژانە خاولییەکان بشۆردرێت.
هەروەها شۆردن لە پلەی گەرمی ٤٠ بۆ ٦٠ پلەی سەدی بە پاککەرەوەی دژە بەکتریا دەبێتە هۆی کەمکردنەوەی میکرۆبەکان./.