بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، محەممەد شیاع سودانی لە سەردانەکەیدا بۆ لەندەن و لە میانەی چاوپێکەوتنێکی لە گەڵ کەناڵی سکای نیوز وتی: ئاگربەستی غەززە هەنگاوێکە کە پێشوازی لێدەکرێت، سەرەڕای ئەوەی کە دواکەوتووە و بووەتە هۆی قوربانیدان و ڕووخانی زیاتر.
ناوبراو هیوای خواست لە ئەم ئاگربەستە جێبەجێ بکرێت، بەردەوام بێت و ناوەڕۆکەکەی پێشێل نەکرێت و موڵەتی ناردنی هاوکارییە مرۆییەکان بۆ کەرتی غەززە دابین بکرێت.
سودانی ڕایگەیاند کە عێراق هاوشانی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی هەوڵی زۆری لە پێناو گەیشتن بە ئاگربەستی غەززە هەبووە بەڵام بنیامین نتانیاهۆ سەرۆک وەزیرانی ڕژێمی زایۆنیستی شەڕەکەی بە چەند هۆکارێکی سیاسی ناوخۆیی و پەرەپێدانی لە ناوچەکە درێژ کردەوە.
سەرۆک وەزیرانی عێراق وتی: کاتی ئەوە هاتووە کە هەمووان بزانن کۆمەڵکوژی دەبێت ڕابگیرێت و هەوڵەکانی ئاوەدانکردنەوەی غەززە دەست پێبکات و ئەوەی کە هیچ چارەسەرێک بەدەر لە وتووێژی ڕاستەوخۆ لە گەڵ فەڵەستینییەکان لە پێناو مسۆگەرکردن و دەستەبەرکردنی مافەکانیان بوونی نییە.
سەرۆک وەزیرانی عێراق وتی: ئەم شەڕە ئامانجێکی هەبوو و خەڵکی بێ تاوانی کردە قوربانی و ژمارەی شەهید و بریندارەکان لە 150 هەزار کەس زیاترە.
سودانی وتی: هەڵەیە کە دۆسیەی فەڵەستین بە شەڕی نێوان حەماس و ڕژێمی زایۆنیستی بزانین و ئەم کێشە کە زیاتر لە 70 ساڵە بەردەوامە، لە بەرچاو نەگیردرێت./.