بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، دکتۆر مەسعود پزیشکیان سەرۆک کۆماری ئیسلامی ئێران لە درێژەی سەردانەکەیدا بۆ مۆسکۆ (17 ی کانوونی دووەمی 2025) لە گەڵ میخائیل میشۆستین سەرۆک وەزیرانی ڕووسیا کۆبووە.
دکتۆر مەسعود پزیشکیان لەو کۆبوونەوەدا جەختی لە سەر ئیرادەی حکومەتی کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ پتەوکردن و گەشەپێدانی پەیوەندییەکان لە گەڵ ڕووسیا کردەوە و وتی: ئێران و ڕووسیا دەتوانن لە بوارەکانی گواستنەوە، پەروەردە، بازرگانی و بوارەکانی دیکە هاوکارییەکی زۆریان هەبێت و ئەم هاوکارییانەش دەتوانێت سزا و گەمارۆ و زیادەڕۆییەکانی ئەمریکا و وڵاتانی ڕۆژئاوا بێ کاریگەر بکات.
لە درێژەی ئەو کۆبوونەوەدا میخائیل میشۆستین سەرۆک وەزیرانی ڕووسیا جەختیکردەوە کە پەیوەندییەکانی مۆسکۆ و تاران ڕووی لە گەشەسەندنی زیاترە و بە پێی هاوبەشی کەلتوری لە بوارە جیاجیاکاندا دەتوانین پەرەی زیاتر بە پەیوەندییەکان بدەین.
سەرۆک وەزیرانی ڕووسیا ئامادەیی وڵاتەکەیی بۆ هەناردەی غاز بۆ ئێران دەربڕی و وتی کە لە گەڵ وەزیری نەوتی ئێراندا وتووێژی کردووە./.