بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، دکتۆر مەسعود پزیشکیان ئەمڕۆ هەینی 17 ی کانوونی دووەمی 2025 لە سەر بانگهێشتی فەرمی ڤلادیمیر پوتین سەرۆک کۆماری ڕووسیا، گەیشتە مۆسکۆ. یەکێک لە بەرنامە سەرەکییەکانی ئەم سەردانە، واژۆکردنی ڕێکەوتنی ستراتیژیی هاوکارییەکانی نێوان هەر دوو وڵاتە.
لەم ڕێکەوتننامەیەدا ئاماژە بە 30 بواری هاوکاری نێوان ئێران و ڕووسیا دراوە. وەک هاوکاری ئابوری، بازرگانی، گواستنەوە، نەوت و غاز، دەریای خەزەر، داد، هاوکاری لە ڕێکخراو و دامەزراوە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکان، هاوکاری پەرلەمانی، کەڵک وەرگرتن لە وزەی ناوەکی ئاشتیخوازانە، تەندرووستی، زانستی، تەکنۆلۆژیا، ژینگە، وەرزش، ئەمنی، بەرگری و سەربازی.
ڕێکەوتننامەکە پێشەکییەک و 47 مادەی هەیە کە ڕەشنووسەکەی پێشتر لە لایەن ئێرانەوە لە هاوینی ڕابردوو ئامادە کرابوو.
سەردانەکەی دکتۆر مەسعود پزیشکیان بۆ ڕووسیا لە بواری پەرەپێدانی پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی هەر دوو وڵاتەوە گرنگییەکی زۆری هەیە. وەک ئاماژە درا لەم سەردانەدا واژۆ لە سەر ڕێکەوتنی ستراتیژیی هاوکارییەکانی نێوان هەر دوو وڵات دەکرێت. لە ڕاستیدا ئەم ڕێکەوتنە دەتوانێت نەخشەڕێگای پەیوەندییەکانی نێوان تاران و مۆسکۆ لە 20 ساڵی داهاتوودا بێت.
ئێران و ڕووسیا بەردەوام لە دۆسیە ناوچەیی و نێودەوڵەتیییەکاندا بیر و ڕایان ئاڵوگۆڕ کردووە و بە پێی هەندێک بەرژەوەندی هاوبەش، هەڵوێستی ئەوان کاریگەری بەرچاوی دەبێت.
بە پێی ڕۆڵی تاران و مۆسکۆ لە سوریا، پێدەچێت لەم سەردانەدا دۆسیەی گۆڕانکارییەکانیش لەم وڵاتەدا تاوتوێ بکرێت، لە بەر ئەوەی کە هەر دوو وڵات لە سوریا نیگەرانی و بەرژەوەندی هاوبەشیان هەیە.
هاتنەسەرکاری دوناڵد ترەمپ لە ئەمریکاش دەتوانێت بابەتێکی دیکەی پەیوەندیدار بەم سەردانەوە بێت. هەروەها واژۆکردنی ڕێکەوتنی ستراتیژی لە نێوان تاران و مۆسکۆ دەتوانێت پەیامێکی بۆ واشنتن بێت.
ڕێکەوتننامەی هاوکاری ستراتیژی نێوان ئێران و ڕووسیا پیشاندەری ئەوەیە کە هەر دوو وڵات لەم هەلومەرجە نوێیەی ناوچەیی و نێودەوڵەتیدا دەیانەوێت ئاستی پەیوەندییەکانیان لە بوارە جیاجیاکاندا بەرز بکەنەوە./.