بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، دکتۆر مەسعود پزیشکیان سەرۆک کۆماری ئیسلامی ئێران لە چاوپێکەوتنی ڤلادیمیر پوتین سەرۆک کۆماری ڕووسیا (17 ی کانوونی دووەمی 2025) لە شاری مۆسکۆ ڕایگەیاند: پێش سەردانەکەم لە خزمەت ڕێبەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامی ئێراندا بووم، بەڕێزیان سڵاوی تایبەتیان هەبوو و جەختیان لەوە دەکردەوە کە پەیوەندییەکانی ئێران و ڕووسیا بەهێزتر و پتەوتر ببێت. پەیوەندییەکانی ئێمە لە ئاستی دووقۆڵی بەهێزتر دەبێت، لە بوارەکانی ئابوری، بازرگانی، ڕۆشنبیری و کاروباری ناوچەکە.
پزیشکیان وتی: ڕێکەوتنی ستراتیژی نێوان هەر دوو وڵات ئەمڕۆ واژۆ دەکرێت و لە بواری ئابوری، بازرگانی، ڕۆشنبیری و ئەمنی پەرە بە پەیوەندییەکانی خۆمان دەدەین، جەخت لە سەر جێبەجێکردنی ڕێکەوتنەکانی پێشوو دەکەینەوە و بەربەستەکانی مسۆگەربوونی ئەمەشمان چارەسەر کردووە.
ناوبراو وتی: قۆناغەکانی جێبەجێکردنی وێستگەی ناوەکی بە باشی دەچێتە پێشەوە، ڕێکەوتنەکان لە سەر ئەمەش ئەمڕۆ واژۆ دەکرێت. هەوڵمانداوە سەرجەم کێشە و بەربەستەکانی بەردەم پەیوەندییە دووقۆڵییەکان لە گەڵ ڕووسیا لە وڵاتی خۆمان چارەسەر بکەین. پەیوەندییەکانمان لە گەڵ ڕووسیا بە گرنگ، هەستیار و ستراتیژی دەزانین و هەوڵی پتەوکردنی زیاتری دەدەین.
سەرۆک کۆماری ئیسلامی ئێران وتی: ئەمە تێڕوانین و ئامۆژگاری و بڕوای ڕێبەری ئێمەیە کە ناوچەکە دەبێت لە لایەن وڵاتانی ناوچەکەوە بەڕێوە ببرێت. هیچ پێویست بەو وڵاتانە نییە کە لەوپەڕی جیهانەوە هاتوونەتە ناوچەکە و ئاسایش و دۆخی ناوچەکەی ئێمە تێکدەدەن و سیاسەتی خۆیان جێبەجێ دەکەن، ئەم پەیوەندییانە نەخشە و پیلانەکانی ئەوان پووچەڵ دەکاتەوە.
پوتین: پێویستە هاوکارییەکانی ئێران و ڕووسیا لە ئاستی ناوچەیی و نێودەوڵەتی زیاتر ببێت
سەرۆک کۆماری ڕووسیا لە درێژەی ئەو چاوپێکەوتنەدا خۆشحاڵی خۆیی بە دیتنی سەرۆک کۆماری ئێران و شاندەکەی یاوەری دەربڕی و وتی: سەردانەکەی ئێوە گرنگییەکی تایبەتی هەیە، لە بەر ئەوەی کە سەرجەم پرسە دووقۆڵییەکان تاوتوێ دەکەین و لەمەش گرنگتر ڕێکەوتنی هاوکاری ستراتیژی واژۆ دەکەین.
ڤلادیمیر پوتین وتی: ئێمە کارمان لە سەر ئەم ڕێکەوتنە کردووە و خۆشحاڵین کە کۆتایی هاتووە و دڵنیاین کە یارمەتیدەری داهاتووی پەیوەندییەکانی هەر دوو وڵات دەبێت.
ناوبراو لە کۆتاییدا وتی: هیوای باشترینەکان بۆ ڕێبەری باڵای ئێران دەخوازم و ئاگادارم کە ئەوەی لە پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی ڕووسیا و ئێراندا ڕوو دەدات، لە ژێر تێبینی و کۆنتڕۆڵی بەڕێزیاندایە./.