بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ناسر ئەبوشەریف لە چاوپێکەوتنی تایبەت لە گەڵ کەناڵی العالم بە ئاماژە بەوەی کە گەلی فەڵەستین هیچ بژاردەیەکی لە بەردەستدا نەبوو و دوژمنان هەوڵی سڕینەوەیان دەدا، وتی: ئۆپەراسیۆنی زریانی ئەقسا ئەفسانەی هێزی بەرگری ڕژێمی زایۆنیستی و متمانەی ئەو ڕژێمەی بە دەزها ئەمنی، هەواڵگری و سەربازییەکانی لەناوبرد.
ناوبراو وتی: ئەم دۆخەش بۆ ئەو زوڵمە جیهانی و پشتیوانییە تاوانبارانەیە دەگەڕێتەوە کە لە ئاستی نێودەوڵەتیدا هەیە، لە کاتێکدا کە مافی گەلی فەڵەستین لە دامەزراوە نێودەوڵەتییەکان و تەنانەت لای وەزارەتەکانی دەرەوەی ئەمریکا، بەریتانیا و فەرەنسا بە تەواوی دانیپێدا نراوە و کەرتی غەززە و کەرتی خۆرئاوا وەک ناوچە داگیرکراوەکان دەناسرێن، بەڵام بەداخەوە کە وڵاتانی ڕۆژئاوا ئەم ناوچانەشیان لە فەڵەستینییەکان گرتووەتەوە و بەردەوام بۆ تاوانی زیاتر پشتیوانی لە زایۆنیستەکان دەکەن.
نوێنەری بزوتنەوەی جیهادی ئیسلامی لە ئێران وتی: پێویست بە هەنگاوێکی گەورە بوو کە ڕەوتی سڕینەوەی فەڵەستین ڕابگرێت، ئەو ڕووداوە گەورەی کە لە 7 ی تشرینی یەکەمی 2023 ڕوویدا، بووە هۆی ئەوەی کە فەڵەستین بۆ ماوەی 16 مانگ لە سەروی هەواڵەکانی جیهاندا بێت و ببێتە پرسێکی سەرەکی. ئەم ئۆپەراسیۆنە پیشاندا کە بە بێ چارەسەرکردنی کێشەی فەڵەستین، هیچ ئاشتی و سەقامگیرییەک لە ناوچەکەدا مسۆگەر نابێت.
ناسر ئەبوشەریف وتی: ئۆپەراسیۆنی زریانی ئەقسا سەرەڕای ئەو کارەساتەی ڕژێمی زایۆنیستی خوڵقاندوویەتی، دەسکەوتێکی گەورەی هەبووە و پێگەی فەڵەستینییەکانی وەک قارەمان و خۆڕاگر بەرزکردەوە.
ناوبراو وتی: گرێبەستی سەدە و ڕەوتی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان لە گەڵ ڕژێمی زایۆنیستی بەشێک لە پرۆژەی سڕینەوەی پرسی فەڵەستین بوو. لە سەردەمی سەرۆکایەتی جۆبایدن، ئەمریکا هەوڵی دەدا ڕژێمی زایۆنیستی تێکەڵ بە ناوچەکە بکات و بە شێوازی نەرم، لایەنەکانی دژبەری ڕژێمی زایۆنیستی و پرۆژەکەی ڕۆژئاوا لە ناوچەکە گەمارۆ بدات.
نوێنەری بزوتنەوەی جیهادی ئیسلامی فەڵەستین لە تاران وتی: لە وەها هەلومەرجێکدا هەنگاوێکی گەورە پێویست بوو کە هاوکێشەکان تێکبدات و ئەمەش لە 7 ی تشرینی یەکەمی 2023 ڕوویدا، ئەم ئۆپەراسیۆنە سەرکەوتنێکی گەورە بوو، لە بەر ئەوەی کە هەڵوەشانەوەی سیستەمی بەرگری و متمانە بە دامەزراوە ئەمنی و هەواڵگرییەکانی ڕژێمی زایۆنیستی بینرا، لە ڕووی دەروونی و کۆمەڵایەتیشەوە لە پاش 7 ی تشرین شەپۆلێکی گەورەی کۆچکردن لە ناوچە داگیرکراوەکان بینرا و بە پێی ئامارێکی فەرمیی ئەو ڕژێمە، نزیکەی 58 هەزار زایۆنیست بۆ هەمیشە کۆچیان کردووە کە بەشێک لەوان وەبەرهێنەران و هێزی پسپۆڕی ئەو ڕژێمە بوون.
ناوبراو وتی: ئێمە گەیشتنە سەرکەوتن و پرسی فەڵەستین بە جیهانی کراوە و گۆڕانکاری لە تێڕوانینی خەڵک بەرامبەر بە پرسی فەڵەستین بە تایبەت لای چینی گەنج بەدیهاتووە./.