بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، فەرشاد جامع سەبارەت بە گرنگی ڕۆڵی ستراتیژیی ئێران لە کەرتی غازی ناوچەکەدا وتی: ئێران لە ڕووی گواستنەوە و هەناردەی غازەوە بە ناوەندێکی گرنگی ناوچەکە دادەنرێت و ئەویش بۆ هەبوونی ژێرخانی پێویست وەک هێڵی بۆری سەرتاسەری دەگەڕێتەوە کە بووەتە هۆی ئەوەی هەر ناوچەیەکی سنوری لە ئێران پەیوەندییەکی لە ڕووی غازەوە لە گەڵ وڵاتانی دراوسێ هەبێت.
ئەم شارەزایەی وزە بە ئاماژە بە واژۆکردنی گرنگترین گرێبەستی غاز لە مێژووی ئێران لە گەڵ ڕووسیا لە سەردەمی سەرۆکایەتی شەهید ڕەئیسیدا، وتی: گرینگترین پلانی ئێران لە پەرەپێدانی ڕۆڵی خۆی لە کەرتی وزە و ترانزێتیدا، جگە لە کەڵک وەرگرتن لە ژێرخانی سەرەکی، ئەوەیە کە پێویستە سەرنجی لە سەر پەیوەندی ڕاستەوخۆ لە نێوان داواکاران و دابینکەرانی غاز بێت. گرنگترین گرێبەستی غاز لە مێژووی ئێراندا لە سەردەمی شەھید ڕەئیسی لە سەرەتای ساڵی ١٤٠٣ ی کۆچی هەتاوی واژۆ کرا کە ھاوکاری غازی نێوان ئێران و ڕووسیا تا ٣٠٠ میلیۆن مەتر سێجا لە ڕۆژێکدا دەبێت.
فەرشاد جامع لە درێژەی قسەکانیدا ئاماژەی بە دابەزینی بەرچاوی هەناردەکردنی غازی ڕووسیا بۆ ئەورووپا کرد لە ئەنجامی شەڕی ئۆکرانیا و زیادەی ٩٥ ملیار مەتر سێجا غازی ڕووسیا بۆ هەناردەکردن و ڕایگەیاند: کەمبوونەوەی هەناردەکردنی غازی ڕووسیا بۆ ئەورووپا، کە لە ئەنجامی شەڕی ئۆکرانیا ڕوویدا، تبووەتە هۆی توانای زیادەی ساڵانەی ٩٥ ملیار مەتر سێجا. یەکەم هەنگاوی هاوردەکردنی غاز لە ڕووسیا بە ڕێکەوتنی شەهید ڕەئیسی و پوتین دەستیپێکرد، وەک هەنگاوی یەکەمیش ڕێکەوتن لە سەر هاوردەکردنی ساڵانە بە بڕی 55 ملیار مەتری سێجا کە یەکسانە بە 150 ملیۆن مەتر سێجا لە ڕۆژێکدا.
سەبارەت بە گرنگترین ڕێگاچارە بۆ سوودوەرگرتن لەم ڕێکەوتنە سەرەکییە، ئەم شارەزایەی وزە وتی: گرنگترین خاڵ بۆ تەواوکردنی ئەم ڕێکەوتنە و هاوکاری بەرفراوانی غازی نێوان ئێران و ڕووسیا پەیوەندی ڕاستەوخۆی غازە لە ئێرانەوە بۆ ڕووسیا لە ڕێگەی دەریای خەزەرەوە و پاشان پەیوەندی ڕاستەوخۆی نێوان ئێران و هیندستان لە ڕێگەی دەریاو و بۆرییەوە، بە جۆرێک کە ئێران دەبێتە خاڵی سەرەکی گواستنەوەی غازی ڕووسیا بۆ هیندستان و ئامرازی دابینکردنی بەردەوامی پێداویستییەکانی وزەی هیندستان بێت بۆ گەشەپێدانی بە گواستنەوەی غازی خۆی و ڕووسیا بە درێژایی ڕێگاکە. هەروەها دەتوانێت بەشێک لە غازی ڕووسیاش بکڕدرێت و بفرۆشرێت بە دراوسێکانی وەک عێراق، تورکیا، هەروەها پاکستان و ئەفغانستان.
ناوبراو لە درێژەی قسەکانیدا بە ئاماژەدان بە سوودە گرنگ و تایبەتەکانی دامەزراندنی پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆی غاز لە نێوان سێ ئەندامی گرنگی برێکس لە بواری دابینکردن و گواستنەوەی وزە و سوودوەرگرتن لێی لە گەشەسەندنی پیشەسازیی هیندستان، وتی: پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆی غاز لە نێوان ئێران و ڕووسیادا لە ڕێگەی دەریای خەزەرەوە چەندین سوودی هەیە بۆ هەموو لایەنەکان. بۆ ئێران بەم شێوەیە دەتوانین پێگەی خۆمان وەک خاڵێکی سەرەکی ترانزێتی وزە لە ناوچەکەدا بچەسپێنین و دەرفەتی زیادکردنی هەناردە و داهاتی وزەمان هەبێت. بۆ ڕووسیا بازاڕێکی نوێ بۆ غازی زیادەی خۆی دابین دەکات و پشتبەستنی بە بازاڕەکانی ئەورووپا کەم دەکاتەوە. بۆ هیندستان سەرچاوەیەکی متمانەپێکراو بۆ وزە دابین دەکات و پشتبەستنی بە دابینکەرانی دیکە کەمدەکاتەوە.
جامع لە کۆتاییدا وتی: سەردانەکەی ئەم دواییەی سەرۆک پزیشکیان بۆ ڕووسیا و دەستپێکردنی مامەڵەی غاز لە سەر ئاستی ٢ ملیار مەتری سێجا لە سەرەتای ساڵدا هەنگاوی گرنگە کە دەبێت جێبەجێ بکرێت، بە لەبەرچاوگرتنی درووستکردنی بۆرییەکی ڕاستەوخۆ لە بنەوەی دەریای خەزەرەوە، بۆ ئەوەی بتوانین هەموو ئەو غازە ڕێکەوتووانە بگەێنین لەبری پشتبەستن بە وڵاتێکی وەک ئازەربایجان یان وڵاتانی دیکە، کە ڕاستەوخۆ لە ڕێگەی دەریاوە دەگوازرێتەوە./.