بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، بە هۆی ڕێژەی زیانەکان و کێشەکانی بەردەمەوە، بارودۆخی ژیان و گوزەران لە غەززە دژوارتر بووە و پرۆسەی ئاوەدانکردنەوەی ڕوبەڕوی ئاستەنگی جیدی بووەتەوە.
پاش کۆتایی شەڕی غەززە، پرسی ئاوەدانکردنەوەی ئەم ناوچەیە بووەتە بابەتێکی سەرەکی، لە بەر ئەوەی کە زۆربەی دانیشتووانی غەززە شوێنی نیشتەجێبوونی خۆیان لە دەست داوە و لە کەمپی ئاوارەکاندا ژیان بەسەردەبەن و زۆربەی ژێرخانی پەروەردە، تەندرووستی، بازرگانی و خزمەتگوزاری ناوچەکەش لەناوچووە.
بە گوێرەی ڕاپۆرتێکی ڕۆژنامەی سەندەی تایمزی بەریتانی، شەڕەکە زیاتر لە 50 ملیۆن تەن پاشماوەی لە دوای خۆی بەجێهێشتووە کە تەنانەت زیاترە لەو وێرانکارییەی بە هۆی شەڕی ئۆکرانیا بینراوە. بە گوێرەی ڕاپۆرتەکانی ئاژانسی فریاگوزاری و کارەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پەنابەرانی فەڵەستین کە بە (UNRWA) ناسراوە، ئەگەر زیاتر لە 100 بارهەڵگر ئامادەی کارکردنی بەردەوام بن، زیاتر لە 15 ساڵ دەخایەنێت بۆ لابردنی ئەم پاشماوەیە.
ئەو سەرچاوەیە ڕایگەیاندووە کە تێچووی پاککردنەوەی ئەم پاشماوەیە بە نزیکەی ٩٧٠ ملیۆن دۆلار مەزەندە دەکرێت، لە کاتێکدا تێچووی ئاوەدانکردنەوەی غەززە لە ٨٠ ملیار دۆلار تێدەپەڕێت و ڕەنگە ئەم پرۆسەیە ماوەیەکی زۆر درێژ بخایەنێت.
ڕەنگە ئاوەدانکردنەوەی خانووە وێرانبووەکان تا ساڵی 2040 بەردەوام بێت، بەڵام بە پێی ڕاپۆرتێکی نەتەوە یەکگرتووەکان، ئەگەر گەمارۆدانەکە بەردەوام بێت، ڕەنگە زیاتر لە 350 ساڵ بخایەنێت تا غەززە بگەڕێتەوە بۆ دۆخی پێش شەڕەکە.
لە لایەکی دیکەوە کێشە و گرفتەکانی بەردەم ئاوەدانکردنەوەی کەرتی غەززە تەنیا لە پرسە داراییەکان سنوردار نابێت و زۆر بابەتیش پەیوەست دەبێت بە داهاتووی سیاسی و ئەمنی ناوچەکە و چۆنیەتی بەڕێوەبردنی غەززە لە دوای شەڕەوە./.