بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، لە بەیاننامەکەی حزبوڵڵای لوبناندا هاتووە کە حزبوڵڵا پیرۆزبایی ئەم سەرکەوتنە لە گەلی گەورەی فەڵەستین و خۆڕاگریی بوێرانەی ئەوان و لە سەرجەم هێزەکانی خۆڕاگریی لایەنگری غەززە و گەلانی ئیسلامی و عەرەبی و ئازادیخوازانی جیهان دەکات.
لە درێژەی ئەو بەیاننامەیەدا هاتووە کە خۆڕاگری مێژوویی لە 15 مانگ پاش ئۆپەراسیۆنی زریانی ئەقسا بووەتە نموونەیەک لە بواری بەرەنگاربوونەوەی دەستدرێژییەکانی ڕژێمی زایۆنیستی و ئەمریکا بۆ جیهانی ئیسلام و ناوچەکە.
حزبوڵڵای لوبنان ڕایگەیاندووە کە ئەم سەرکەوتنە مێژووییە جارێکی دیکە ئەوەی سەلماند کە خۆڕاگری تەنیا بژاردەیەکە کە دەتوانێت ڕێگری لە داگیرکاری بکات و پیلانی تاوانباران پووچەڵ بکاتەوە و شکست بە ستراتیژی دوژمنی زایۆنیستی و لایەنگرانی بێنێت.
لە بەشێکی دیکەی ئەو بەیاننامەیەدا هاتووە کە گەیشتن بە ڕێکەوتن ئاگربەست و سەپاندنی مەرجەکانی خۆڕاگری بە بێ پاشەکشە لە مافی گەلی فەڵەستین، بەدەر لەوەی کە دەسکەوتێکی سەربازییە، بە سەرکەوتنێکی سیاسیش هەژمار دەکرێت و پیشان دەدات کە دوژمن بە زۆر و لە ڕێگای سەربازییەوە بە هیچ یەک لە ئامانجەکانی نەگەیشتووە./.