بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ڕۆژنامەی ” الجریدە ” ی کوێت لە سەر زاری بەرپرسێکی باڵای ئەمنی، بە بێ ئاشکراکردنی ناوەکەی، ڕایگەیاندووە کە پاش ڕووداوەکەی 7 ی تشرینی یەکەمی 2023، لە نێوان بنیامین نتانیاهۆ سەرۆک وەزیرانی ڕژێمی زایۆنیستی و کوڕەکەی شەڕ و دەمەقاڵێ ڕوویداوە و ئەمەش وایکردووە کە دەزگای ئاسایشی ناوخۆیی ئەو ڕژێمە (شاباک) یائیر بۆ شاری مەیامی ئەمریکا بنێرێت و ڕێگری لە گەڕانەوەی بۆ ماڵی باوکی بکات.
لە ڕاپۆرتێکی ئەو ڕۆژنامەیەدا هاتووە کە کێشەکە بۆ چەندین هەفتە پێش ڕووداوەکەی 7 ی تشرینی یەکەمی 2023 و دەمەقاڵەی نتانیاهۆ لە گەڵ سارەی هاوسەر و یائیری کوڕی لە سەر خۆپێشاندانە ناوخۆییەکانی ڕژێمی زایۆنیستی و بڕیاری سەرۆک وەزیران بۆ لێکتێگەیشتن لە گەڵ خۆپێشاندەران دەگەڕێتەوە.
ئەو سەرچاوە ڕایگەیاندووە کە یائیر بە هەڵوێستە توندەکانی ناسراوە و پاش دەمەقاڵەی لە گەڵ نتانیاهۆ، هێرشی کردووەتە سەر و ئەوی خستووەتە سەر زەوی و هەوڵی خنکاندنی داوە بەڵام سارە ڕێگریی لەوە کردووە.
ڕۆژنامەی الجریدە ڕایگەیاندووە کە ڕژێمی زایۆنیستی ڕێگریی لەوە کردووە ئەم ناکۆکی و ڕووداوە بگاتە میدیاکان و تا ئێستا دەزگای شاباک ڕێگریی لە گەڕانەوەی یائیر بۆ ماڵی نتانیاهۆ کردووە و دیسانەوە بۆ مەیامی ئەمریکا گەڕاوەتەوە./.