بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، لەتیف ڕەشید پەیوەندییەکانی عێراق و ئێرانی بە زۆر بەهێز ناو برد و وتی: هەڵوێستی ئێران وەک دراوسێیەکی عێراق بە تەواوی ڕوونە، ئێمە لە عێراقدا زیاتر لە هەر شتێکی دیکە جەخت لە سەر سەربەخۆیی خۆمان دەکەینەوە و هیچ دەستێوەردانێکی دەرەکی قبووڵ ناکەین.
ناوبراو وتی: عێراق وڵاتێکی سەربەخۆ و خاوەن دیمۆکراسییە و پەرلەمان، حکومەت و سەرۆکایەتی کۆماری هەیە و بڕیارەکان لە ڕێگای بەشداری لایەنە سیاسییەکان لە پەرلەماندا دەردەکرێن.
سەرۆک کۆماری عێراق ڕایگەیاند کە ئێران تا ئێستا هیچ دەستێوەردانێکی سەربازیی لە خاکی ئەم وڵاتەدا نەبووە.
لەتیف ڕەشید وتی کە حەشدی شەعبی هێزێکی فەرمی عێراقە کە بە پێی یاسای پەرلەمان چالاکی دەکات و لە ئێستادا چالاکییەکانی لە دژی هەر لایەنێکی دەرەکی ڕاگرتووە.
ناوبراو سەبارەت بە تورکیا ڕایگەیاند کە عێراق موڵەتی ئەوە بە هیچ وڵاتێک نادات دەست لە کاروباری وەربدات و دەبێت تورکیاش دەستێوەردانەکانی ڕابگرێت، وەک چۆن کە بە هیچ لایەنێک موڵەتی چالاکی لە دژی دراوسێکانمان نادەین./.