بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ئەیمەن سەفدی وەزیری دەرەوەی ئەردەن لە وتووێژی لە گەڵ بەرپرسی کاروباری مرۆڤدۆستانەی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان سەبارەت بە جێگیربوونی ئاگربەستی غەززە و ناردنی هاوکارییە مرۆییەکان بۆ ئەم ناوچەیە وتی: ئێمە بە هاوکاری هاوبەشەکانمان لە ناوچەکە لە پێناو هەڵگرتنی هەنگاوی ئاشکرا بۆ مسۆگەربوونی ئاشتی هەوڵ دەدەین.
ناوبراو لە وەڵامی لێدوانەکانی ترەمپدا وتی: قەیرانی فەڵەستین بە ڕێگای فەڵەستینی چارەسەر دەبێت و ئەردەن بۆ ئەردەنییەکان و فەڵەستین بۆ فەڵەستینییەکان دەبێت.
وەزیری دەرەوەی ئەردەن وتی: هەڵوێستی ئێمە لە سەر پرسی فەڵەستین، ڕێگاچارەی دوو دەوڵەتییە وەک تەنیا ڕێگای مسۆگەربوونی ئاشتی و دژایەتیکردنی کۆچی زۆرەملەی خەڵکی فەڵەستین و ئەمەش تووشی هیچ گۆڕانکارییەک نابێت.
ئەیمەن سەفدی وتی: ئێمە دەمانەوێت لە گەڵ حکومەتی نوێی ئەمریکا هاوکاری بکەین و پشتیوانی لە هەر هەوڵێکی ئاشتیخوازانەی ناوچەکەش دەکەین، لە ئێستادا ئێمە گرنگی بە ئاگربەستی غەززە و ناردنی هاوکارییە مرۆییەکان وەک سەرەتایەک بۆ ئاوەدانکردنەوە دەدەین./.