بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، توێژینەوەکانی وێنەگرتنی مێشک دەریدەخەن ئەو کەسانەی ئاستی لەشجوانییان زیاد دەکن لە ساڵانی ناوەڕاستدا، قەبارەی زیاتری هیپۆکامپوسی مێشکیان هەیە. لە بەرامبەردا ئەوانەی نیشانەکانی دڵەڕاوکێیان بە تێپەڕبوونی کات خراپتر بووە، قەبارەی مێشکیان بچووک بووەتەوە.
وەرزشکردن بۆ دڵ و جەستە بەسوودە، بەڵام ئایا دەتوانێت مێشک بپارێزێت؟ بە پێی ئەنجامی توێژینەوەیەکی نوێ، وەڵامەکە ئەرێنییە! ئەم توێژینەوەیە کە لەسەر زیاتر لە ٧٥٠ کەسی تەمەن ناوەڕاست ئەنجامدراوە، دەریدەخات کە پاراستنی ئاستی تەندرووستی دڵ و هەناسەدان دەتوانێت یارمەتی پاراستنی قەبارەی مێشک بدات و مەترسییەکانی دڵەڕاوکێ و خەمۆکی کەم بکاتەوە.
ئەم توێژینەوەیە دەریدەخات تەنانەت لەو کەسانەی کە نیشانەکانی دڵەڕاوکێ و خەمۆکییان هەیە، وەرزشکردن دەتوانێت کاریگەری ئەرێنیی لە سەر پێکهاتەکانی مێشک هەبێت. بە وتەی توێژەران، ئەنجامەکان جەخت لە سەر گرنگی وەرزشی بەردەوام دەکەنەوە لە بەرەوپێشبردنی تەندرووستی دەروونی. بە واتایەکی تر، ڕۆیشتن یان هەر چالاکییەک کە لێدانی دڵت زیاد بکات ڕەنگە یارمەتیدەر بێت بۆ گەنجبوونی مێشکت!
توێژەران جەخت لەوە دەکەنەوە کە زیادکردنی چالاکی جەستەیی کاریگەری زۆری لە سەر تەندرووستی مێشک دەبێت. بۆیە، ئەگەر بە دوای پاڵنەرێکدا دەگەڕێیت بۆ دەستپێکردنی وەرزشکردن، ئەوە بزانە کە هەر هەنگاوێک کە دەینێیت، هەنگاوێکە بەرەو مێشکێکی تەندرووستتر و خۆڕاگرتر./.