بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، مەسعود بارزانی لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنیدا سەبارەت بە پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و کۆماری ئیسلامی ئێران وتی: پەیوەندییەکانی ئێمە لە سەر بنەمای ڕێزی بەرامبەر و بەرژەوەندی بەرامبەرە و هیچ دەستێوەردانێک لە کاروباری ناوخۆیی یەکتردا بوونی نییە.
ناوبراو وتی: ئێران وڵاتێکی گرنگی ناوچەکەیە و هەزار کیلۆمەتر و ڕەنگە زیاتر سنوری هاوبەشی لە گەڵ عێراقدا هەیە و مێژوو و هاوبەشییەکی زۆری لە گەڵ ئێمەدا هەیە و دەبێت پەیوەندییەکان لە سەر بنەمای ڕێزی بەرامبەر بێت.
سەرۆکی پارتی دیمۆکراتی کوردستان بە ئاماژە بە کۆبوونەوەکەی لە گەڵ مەسعود پزیشکیان سەرۆک کۆماری ئیسلامی ئێران لە میانەی سەردانەکەی ڕابردووی بۆ شاری هەولێر، وتی: کۆبوونەوەیەکی زۆر باش بوو، سەرۆک کۆماری ئێران بە زمانی کوردی قسە دەکات وەک دەڵێی زمانی دایکییە، ئەو بۆ باشترکردنی پەیوەندییەکان هەوڵی دەدا.
مەسعود بارزانی وتی: ئێمە هەر دوو ناومان مەسعودە و لە مەهاباد لەدایک بووین و بە کوردی قسەمان دەکرد./.