بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ” مەجید تەخت ڕەوانچی ” لە وتووێژێکدا ڕایگەیاند کە سیاسەتی پتەوکردنی پەیوەندییەکان لە گەڵ وڵاتانی دراوسێ لە کابینەی دکتۆر مەسعود پزیشکیان سەرۆک کۆماری ئیسلامی ئێران درێژەی هەبووە و ئەگەر ئێران پەیوەندییە ئابورییەکانی لە گەڵ وڵاتانی دراوسێ بە ئاستێکی بەرزتر بگەێنێت، بە دڵنیاییەوە بەشێکی زۆری کێشەکانی لە ئابوریی دەرەکی چارەسەر دەبێت.
ناوبراو بە ئاماژە بە دانپێدادانی بەرپرسانی وڵاتانی ڕۆژئاوا، وتی کە سیاسەتی زیاترکردنی گوشارەکان لە دژی ئێران شکستی هێناوە و گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە پەیوەندییەکی بە دۆسیەی ناوەکی و دۆسیەی دانوستانەکانی ئێرانەوە نییە.
تەخت ڕەوانچی وتی: ڕێکەوتنی ناوەکی و لۆژیکی گەیشتن بەم ڕێکەوتنە بە هاوبەشی ئێران و لایەنی ئەورووپی دادەنرێت و هەر دوو لا لە وتووێژەکاندا تا ڕادەیەک چوونەتە وردەکاری پرسی ناوەکی و سزاکانەوە، بەڵام هێشتا ئەو حاڵەتەی دان و ستاندن کە لە دانوستانی ڕاستەقینەدا هەیە، نەبینراوە.
جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران پێی وایە کە پرسی FATF پرسێکی تەکنیکییە تا سیاسی و ئەگەر سزاکان چارەسەر بکرێن بەڵام کێشەی FATF بەردەوام بێت، بە واتای ئەوەیە کە کێشەکان بە تەواوی چارەسەر نەکراون و کێشە و گرفتەکان وەک خۆیان دەمێننەوە.
ناوبراو وتی: وەها نییە کە دەستەوەستان بین و چاوەڕوان بین ترەمپ بێت و بڵێت سیاسەتی من لە بەرامبەر ئێران چییە، بە دڵنیاییەوە کە ماوەیەکی زۆرە بیر لەم بابەتە دەکەینەوە و لە گەڵ دۆستانی خۆمان ڕاوێژ دەکەین.
مەجید تەخت ڕەوانچی سەبارەت بە وڵاتانی ناوچەکەش وتی: ئێران و سعوودیە بڕیاری ئەوەیان داوە کە پەرە بە پەیوەندییەکانی نێوانیان بدەن، هەروەها لە گەڵ میسر و بەحرەین بە هەمان شێوە وتووێژ دەکرێت.
ئەم دیپلۆماتکارە باڵایەی ئێران وتی: ئێران بۆچوونی خۆیی سەبارەت بە گۆڕانکارییەکانی سوریا لە ڕێگای نێوەندگێڕەوە گەیاندووەتە دەسەڵاتدارانی نوێی ئەم وڵاتە و ئەوان لە گەڵ بۆچوونەکانی ئێمە ئاشناییان هەیە.
دەقی وتووێژەکەی تەخت ڕەوانچی لە درێژەدا هاتووە:
ناوبراو لە سەرەتای وتووێژەکەدا و لە وەڵامی ئەم پرسیارەی کە ” یەکێک لە سیاسەتەکانی کابینەی چواردەیەم لە بواری سیاسەتی دەرەوە، پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان ئێران و وڵاتانی دراوسێ بووە و بە پێی ئەوەی کە چەندین مانگ بە سەر تەمەنی ئەم کابینەیەدا تێپەڕ دەبێت، وەزارەتی دەرەوە چ هەنگاوێکی لەم بوارەدا هەڵگرتووە؟ ” وتی: کۆماری ئیسلامی ئێران بەردەوام جەختی لە سەر بەرەوپێشبردنی سیاسەتی دراوسێیەتی خۆی و پتەوکردنی پەیوەندییەکان لە گەڵ وڵاتانی دراوسێ کردووەتەوە و دەیەوێت باشترین پەیوەندی لە گەڵ وڵاتانی دراوسێ و ناوچەکە هەبێت.
تەخت ڕەوانچی وتی: لە کابینەی شەهید ڕەئیسیدا سیاسەتی پتەوکردنی پەیوەندییەکان لە گەڵ وڵاتانی دراوسێ بە گرنگییەوە بەرەوپێش برا و ئێمەش لە کابینەی دکتۆر پزیشکیان پەرە بەم سیاسەتە دەدەین.
جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران بۆ کاروباری سیاسی وتی: هەوڵ دەدەین لە گەڵ تەواوی وڵاتانی دراوسێ باشترین پەیوەندیمان هەبێت و بە پێی هاوبەشییەکانمان لە بواری مێژوویی، سیاسی، ئایینی و …. لەو بڕوایەداین کە بە پەرەپێدانی ئەم سیاسەتە دەتوانین بگەینە ئەو خاڵەی کە لە بەرژەوەندی گەلانی ناوچەکەدا بێت.
تەخت ڕەوانچی جەختی لەوە کردەوە کە لە کابینەی دکتۆر پزیشکیاندا ئەم سیاسەتە پەیرەو کراوە و ئەنجامی باشی هەبووە و لە ئێستادا هاتووچۆی زۆر باش لە نێوان ئێران و وڵاتانی دراوسێ، لە ئاستە باڵاکاندا، لە سەرۆک کۆمارەوە تا وەزیرەکان، بوونی هەیە.
ناوبراو وتی: بەردەوام لە گەڵ دراوسێکانی خۆمان لە بواری سیاسی، ئابوری و ڕۆشنبیری کۆدەبینەوە و ئەمەش پیشان دەدات کە گرنگی بەم سیاسەتەی ئێران دەدرێت و وڵاتانی ناوچەکەش دەیانەوێت لە گەڵ ئێمەدا بن و پەیوەندییەکانیان لە گەڵ ئێران بەهێزتر بکەن.
جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران ڕایگەیاند کە پەیوەندییە ئابوری و بازرگانییەکانی ئێران و وڵاتانی دراوسێ بەراورد بە ڕابردوو، زیاتر و باشتر بووە و وتی: لەم چوارچێوەیەدا هەوڵمانداوە ئاسانکاری زیاتر بۆ بەرەوپێشبردنی پەیوەندییەکان لە بواری ئابوری و بازرگانیدا بکەین.
مەجید تەخت ڕەوانچی وتی: سیاسەتی ئێمە ئەوەیە کە لە گەڵ تەواوی وڵاتانی دراوسێ پەیوەندییەکانمان بەرەوپێش ببەین، ئێمە هەوڵمانداوە کە ڕێگاکانی پەیوەندیمان لە گەڵ وڵاتانی دراوسێ زیاتر و جۆربەجۆرتر بکەین.
ئەم بەرپرسە ئێرانییە لە وەڵامی پرسیارێکی دیکە سەبارەت بە ” دەستپێکردنی خولی سەرۆکایەتی دوناڵد ترەمپ لە ئەمریکا ” وتی: ترەمپ لە خولی یەکەمی سەرۆکایەتیدا سیاسەتی زیاترکردنی گوشارەکانی لە دژی ئێران پەیرەو کرد و ئەم سیاسەتە شکستی هێنا و ئەمەش تەنیا لە لایەن ئێمەوە باس نەکراوە و لە وڵاتانی ڕۆژئاوا و تەنانەت ناوخۆی ئەمریکاش دان بە شکستیدا نراوە.
جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران بۆ کاروباری سیاسی وتی: بە تەواوی ڕوون نەبووەتەوە کە سیاسەتی ترەمپ لە بەرامبەر ئێران چییە و دەبێت چاوەڕوان بین کە ئەم سیاسەتە ڕوون ببێتەوە. ترەمپ لە خولی یەکەمی سەرۆکایەتیدا لەو بڕوایەدا بوو کە لە ڕێگای گوشار و کشانەوە لە ڕێکەوتنی ناوەکی دەتوانێت داواکارییەکانی بە سەر ئێراندا بسەپێنێت، بەڵام بە کردەوە ئەمە نەبینرا. ئەوان تەنانەت خەونیان بەوەوە دەبینی کە لە پاش چەندین مانگ لە زیاترکردنی سزاکان و گوشارەکان، ئێران ناچار دەبێت مەرج و داواکارییەکانیان قبووڵ بکات، وەک چۆن ئاماژە درا، ئەمە ڕووینەدا و ئەوەی سەلماندووە کە سیاسەتی زیاترکردنی گوشارەکان لە دژی ئێران شکستی هێناوە.
مەجید تەخت ڕەوانچی لە وەڵامی ئەم پرسیارەدا کە ” هەندێک لە بەرپرسانی ئەمریکی و تەنانەت ترەمپ ئەوە دەڵێن کە گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە بووەتە هۆی لاوازبوونی ئێران و هەر بۆیە دەتوانن ئاسانتر و زیاتر لە ڕابردوو گوشار لە سەر تاران دابنێن. ئەمە تا چەندە ڕاستە؟ ” وتی: من ئەمەم قبووڵ نییە کە ئێران لاواز بووە. هەندێک بە پێی گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە بانگەشەی وەها دەکەن، لە کاتێکدا کە وەها نییە. لە لایەکی دیکەوە گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە هیچ پەیوەندییەکی بە دۆسیەی ناوەکی و دانوستانەکانی ئێرانەوە نییە.
ناوبراو لە وەڵامی ئەوانەش کە دەڵێن ئێران لە ئەنجامی گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە باڵەکانی خۆیی لە دەست داوە یان ئەم باڵانە لاواز بوون، وتی: ئەمەش قسەیەکی ڕاست نییە، ئەوانەی کە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و مێژووەکەی دەناسن، دەزانن کە نابێت لە سەر ئەم ناوچەیە بە پێی هەندێک گۆڕانکاری کاتی بڕیارەکان دەربکرێن. لە سیاسەتدا هەڵکشان و دابەزین هەیە و سەبارەت بە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش دۆخەکە وەهایە. هەربۆیە ناتوانین بڵێین کە ئەوەی ڕوویداوە بۆ هەمیشە دەمێنێتەوە، ئەوانەی تێڕوانینی قووڵیان لە سەر ناوچەکە هەیە، دەزانن کە ئەنجامەکان وەها نابن و دۆخەکەش وەها نامێنێتەوە.
جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران سەبارەت بە دانوستانەکان لە گەڵ سێ وڵاتی ئەورووپیش وتی: ئێمە کاتێک لە گەڵ وڵاتانی ئەورووپی دادەنیشین، سەبارەت بە چەندین بابەت وتووێژ دەکەین، وتووێژەکەش جۆرێکە لە ڕاگۆڕینەوە سەبارەت بە دۆخی ناوچەکە و ئەو دان و ستاندنە نییە کە باس بکرێت.
مەجید تەخت ڕەوانچی لە وەڵامی پرسیارێکدا کە ” ئایا لە دانوستانەکانی ناوەکیدا ئەم پرسانە کاریگەرییان دەبێت یان نە؟ ” وتی: دۆسیەی ناوەکی ئاڵۆزی خۆیی هەیە و ئەگەر لە سەر ئەم دۆسیەیە دانوستان بکەین و بگەینە ڕێکەوتن، کاتی زۆری دەوێت و نابێت دۆسیەکانی دیکەش کە بە هەمان شێوە ئاڵۆزن، هاوکات باس بکرێن و پێکەوە قسەیان لە سەر بکرێت.
ناوبراو وتی: ئێمە لە گەڵ سێ وڵاتی ئەڵمانیا، بەریتانیا و فەرەنسا و یەکێتی ئەورووپا وتووێژ دەکەین و هێشتا نەگەیشتووینەتە قۆناغی دانوستانی تەواو. کاتێک گەیشتینە قۆناغی سەرەکی دانوستانەکان، دەگەینە ئەوەی کە دەقی هەر ڕێکەوتنێک بنووسین بەڵام تا ئێستا بەوە نەگەیشتووین.
ئەم دیپلۆماتکارە باڵایەی ئێران سەبارەت بە هۆکارەکانی نەگەیشتن بەو قۆناغەش لە دانوستانەکانی تاران و وڵاتانی ئەورووپی، وتی: یەکێک لە هۆکارەکان ئەوەیە حکومەتی ئەمریکا هێشتا هەڵوێستی خۆیی لە سەر ئێران و دۆسیەی ناوەکی ڕوون نەکردووەتەوە، ئەڵبەت نافەرمی هەندێک بابەت باس کراوە، بەڵام بە پێی ئەوەش ناکرێت سیاسەت بکرێت و بڕیار بدرێت. دەبێت چاوەڕوان بین کە سیاسەتی ئەوان ڕابگەێندرێت و ئێمەش وەڵامی پێویستمان بۆی دەبێت.
تەخت ڕەوانچی وتی: هاوکات لە گەڵ ڕووسیا و چین وتووێژ دەکەین و لە ئەنجامی وتووێژەکانی ئەورووپا ئاگاداریان دەکەینەوە. لەم پێناوەشدا جێگرانی وەزیری دەرەوەی ئێران چەندین سەردانیان بۆ مۆسکۆ و پەکین هەبووە.
ناوبراو سەبارەت بە جیاوازییەکانی ترەمپی ئێستا و خولی یەکەمی سەرۆکایەتی وتی: لە سەر قسە و لێدوان ناتوانین سیاسەت بکەین و ئەوەی لە سەردەمی بانگەشەی هەڵبژاردنەکاندا باس کراوە نابێتە بنەمایەک بۆ سیاسەتکردنی فەرمی. وەها نییە کە ئێمە چاوەڕوان بین و بزانین کە سیاسەتی ترەمپ و حکومەتەکەی چۆن دەبێت، ئێمەش بۆ هەر بژاردە و قۆناغێک ئامادەین.
جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران وتی: ترەمپ بە پێی پێشینەی خۆی دەزانێت کە ئەگەر بیەوێت سیاسەتی شکستخواردووی زیاترکردنی گوشارەکان لە دژی ئێران جێبەجێ بکاتەوە، دیسانەوە شکست دەهێنێت و نابێت سیاسەتێکی وەها دووبارە بکاتەوە./.