بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، نەوزەر شەفیعی مامۆستای پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان و شارەزای کاروباری ئاسیای ناوەڕاست، سەبارەت بە سەردانەکەی سەید عەباس عێراقچی وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ کابوڵ و کۆبوونەوەی لە گەڵ دەسەڵاتدارانی ئێستای ئەفغانستان، وتی: سەردانەکە گرنگییەکی تایبەت بە خۆیی هەبووە و یەکەم سەردانی وەزیرێکی دەرەوەی ئێران لە سەردەمی دووەم حکومڕانی تاڵیبان لە ئەفغانستان بووە. سەردانی وەزیری دەرەوەی ئێران بۆ وڵاتێک کە حکومەتەکەی لە لایەن کۆمەڵگای نێودەوڵەتییەوە بە فەرمی نەناسراوە، گرنگە و بە لای هەندێکەوە سەردانەکە هەنگاوێکە بەرە ئەوەی کە تاران تاڵیبان بە فەرمی بناسێت.
ناوبراو وتی: ڕەهەندی دووەمی ئەم سەردانە بۆ پەیوەندییەکانی ئێران و ئەفغانستان، بەدەر لەوەی کێ لەو وڵاتەدا حوکم دەکات، دەگەڕێتەوە. ئێران چەندین کێشەی لە گەڵ تاڵیباندا هەیە، بۆ نموونە، پشکی ئێران لە ئاوی ڕووباری هیرمەند کە لە ساڵانی ڕابردوودا لە لایەن حکومەتی ئەفغانستانەوە ڕێگریی لێکراوە. لە لایەکی دیکەوە زۆربەی ئەو کێشانەی کە لە پارێزگا سنورییەکانی ڕۆژهەڵاتی ئێران ڕوو دەدەن، سەرچاوەکەی بۆ ئەفغانستان دەگەڕێتەوە، ئەگەرچی دەسەڵاتدارانی ئەفغانستان بانگەشەی بەرەنگاربوونەوەی گرووپە تیرۆریستییەکان دەکەن، بەڵام بە کردەوە سەرکەوتنێکیان لەم بوارەدا نەبووە.
شەفیعی بە ئاماژە بە پرسی پەنابەرانی ئەفغانی لە خاکی ئێراندا وتی: ئێران بڕیاری گەڕاندنەوەی پەنابەرانی ئەفغانستانی داوە و ئەمەش پێویستی بە پەیوەندی دیپلۆماسی لە گەڵ کابوڵ هەیە. بە تێڕوانینی ئێران تاڵیبان بەشێکە لە هێز و دەسەڵاتی ئەفغانستان و ئەگەر بیانەوێت حکومەتەکەیان بە فەرمی بناسرێت، دەبێت حکومەتێکی یەکگرتوو و بنکەفراوان پێک بێنن کە بتوانێت لایەنە سیاسی و نەتەوەییەکان لە خۆیدا کۆبکاتەوە.
ڕاشیگەیاند کە بە هۆی ناکۆکییەکانی نێوان تاڵیبان و پاکستان، پەیوەندییە ئابورییەکانی تاڵیبان دابەزیوە و لە ئێستادا بازرگانانی ئەفغانی ناتوانن کاڵا و پێداویستییەکانیان لە ڕێگای پاکستانەوە هاوردە بکەن. سزاکانی سەر تاڵیبانیش بەردەوامە و ئێران دەیەوێت لە چوارچێوەی سیاسەتی دراوسێیەتی و لە پێناو کەمکردنەوەی گوشارە ئابورییەکانی سزاکانی ئەمریکاوە، پەرە بە پەیوەندییە ئابورییەکان بدات. بە دڵنیاییەوە کە ئەم بابەتانە لە سەردانەکەی عێراقچیدا باس کراوە./.