بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، بزوتنەوەی حەماس لە بەیاننامەیەکدا سەبارەت بە گەڕانەوەی ئاوارەکان بۆ باکوری غەززە لە پاش ڕێکەوتنێکی نوێ، ڕایگەیاند: لە چوارچێوەی هەوڵەکانی حەماس بۆ لەناوبردنی بیانووەکانی بنیامین نتانیاهۆ سەرۆک وەزیرانی ڕژێمی زایۆنیستی و ڕێگرییەکانی لە گەڕانەوەی ئاوارەکان بۆ باکوری غەززە و هەروەها لە پێناو چارەسەرکردنی کێشەی ئەربیل یەهود دیلی زایۆنیست، بزوتنەوەی حەماس پێشنیارێکی نوێی ئاراستەی نێوەندگێڕەکان کرد.
لەو بەیاننامەیەدا هاتووە کە بە پێی پێشنیارە نوێیەکەی حەماس، تا هەینی داهاتوو ئەربیل یەهود و دوو دیلی دیکە ئازاد دەکرێن و پلانی ئاڵوگۆڕی دیلەکان کە بڕیارە شەممەی داهاتوو بە پێی هەمان پلانی پێشوو درێژەی دەبێت و سێ دیلی زایۆنیست ئازاد دەکرێن.
حەماس ڕایگەیاندووە کە بە هەوڵی نێوەندگێڕەکان گەیشتوونەتە ڕێکەوتنی ئەوەی کە گەڕانەوەی ئاوارەکان بۆ باکوری کەرتی غەززە لە ڕۆژی دووشەممە 27 ی کانوونی دووەمی 2025 دەست پێبکات.
بزوتنەوەی حەماس ڕایگەیاندووە کە گەڕانەوەی ئاوارەکان بۆ باکوری غەززە سەرکەوتنێکی گەورە بۆ گەلی فەڵەستین و ڕاگەیاندنی شکستی زایۆنیستەکانە و پیلانگێڕییەکانی ئەوان بۆ کۆچی زۆرەملەی دانیشتووانی غەززە.
لە بەشێکی دیکەی ئەو بەیاننامەیەدا هاتووە کە دیمەنە بەشکۆکانی گەڕانەوەی خەڵک بۆ شوێنی ژیانی خۆیان، سەرەڕای ڕووخانی خانووەکان، گەورەیی و خۆڕاگریی گەلی ئێمە لە نیشتمانی خۆیان پیشان دەدات.
ڕاشیگەیاندووە کە ئەم دیمەنانە، وەفاداری گەلی فەڵەستین بۆ خاک و نیشتمانی خۆیان پیشان دەدات و پەیامێکە بۆ هەموو ئەو کەسانەی کە خەون بە شکاندنی ئیرادەی گەلی فەڵەستین و ئاوارەکردنی زۆرەملەی ئەوان لەم نیشتمانەوە دەبینن./.