بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ئەمیر سەعید ئیروانی لە نامەیەکدا بۆ ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی، وەڵامی لێدوانەکانی ئەم دواییەی سەرۆکی ڕژێمی زایۆنیستیی دایەوە و ڕایگەیاند: بێگومان ڕژێمی زایۆنیستی نەک بۆ ئێران، بەڵکوو هەڕەشەی سەرەکییە لە سەر ئاشتی و ئاسایشی ناوچەیی و نێودەوڵەتی، سەرەڕای ئەو هەموو تاوان و کۆمەڵکوژییەی لە دژی فەڵەستینییەکان بە تایبەت لە غەززە، درێژە بە دەستدرێژییەکانی لە لوبنان و سوریا دەدات، ئەم هەنگاوانەش پێشێلکردنی ئاشکرای جاڕنامەی نەتەوە یەکگرتووەکان و بڕیارە پەیوەندیدارەکانی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتییە.
باڵیۆزی ئێران ڕایگەیاند: کۆمەڵگای نێودەوڵەتی نابێت موڵەتی ئەوە بدات هەوڵەکانی ڕژێمی زایۆنیستی بۆ بەلاڕێدابردنی سەرنجی ڕای گشتی لە تاوان و چالاکییە تێکدەرانەکانی، ببێتە هۆی لاوازبوونی ئاشتی و سەقامگیری لە ناوچەکە و هەوڵە نێودەوڵەتییەکان بۆ مسۆگەرکردنی دادپەروەری.
سەرۆکی ڕژێمی زایۆنیستی پێشتر ڕایگەیاندبوو کە ئێران هەڕەشەیە لە سەر وڵاتانی جیهان بە تایبەت ئەو ڕژێمە و ئەمریکا./.