بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، میخائیل بوگدانۆف نێردەی تایبەتی سەرۆک کۆماری ڕووسیا بۆ کاروباری ڕۆژئاوای ئاسیا و ئەفریقا، لە وتووێژی لە گەڵ کەناڵی ئارتی سەبارەت بە سەردانەکەی بۆ سوریا وتی: کۆبوونەوە لە گەڵ ئەحمەد شەرع سێ کاتژمێر و نیوەڕۆخوانێکی لەخۆگرت، ئەسعەد شەیبانی وەزیری دەرەوە و ماهر شەرع وەزیری تەندرووستی لەو کۆبوونەوەدا بەشداربوون، لە کاتێکدا کە نوێنەرانی دامەزراوە جیاجیاکانی ڕووسیا لە ڕیزی ئەندامانی شاندەکەی یاوەری ئێمەدا بوون.
ناوبراو وتی: وتووێژەکان ئەرێنی بوون و هەردوو لا جەختیان لە سەر پەیوەندی دۆستانە لە کاتی سەربەخۆیی سوریا پاش شەڕی دووەمی جیهانی تا ئێستا کردەوە.
بوگدانۆف وتی: جەختمان لەوە کردووە کە ڕووداوەکانی سوریا و گۆڕینی حکومەتی ئەم وڵاتە کاریگەریی لە سەر پەیوەندییەکان لە گەڵ ڕووسیا نابێت و مۆسکۆ بەردەوام ئامادەی هاوکارییە لە پێناو جێگیربوونی دۆخی سوریا و گەیشتن بە چارەسەری کێشەکان لە بواری ئابوری و کۆمەڵایەتی.
ناوبراو وتی: مۆسکۆ لە دۆخی دژواری سوریا تێدەگات و بەرپرسانی سوریا خۆیان دەڵێن کاتین و لە مانگی ئادار و پاش مانگی ڕەمەزان حکومەتی ڕاگوزەر پێکدێنن، ئەمەش بۆ پلانەکەی ئەحمەد شەرع سەبارەت بە داڕشتنی دەستوور و بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەکان لە ماوەی چوار ساڵی داهاتوودا دەگەڕێتەوە، ڕەنگە ئەم ڕەوتە بە خێرایی و خوازراو نەبێت بەڵام گرنگ ئەوەیە کە تێڕوانینی سیاسی دەبێت لە خزمەت سەقامگیری دۆخی سیاسی و جێگیربوونی ئاسایشدا بێت.
نێردەی تایبەتی سەرۆک کۆماری ڕووسیا وتی: داوامان لە لایەنی سوری کرد کە بەرژەوەندییەکانی ڕووسیا پارێزراو بێت و ڕووسیاش بۆ گەلی سوریا خێر و گەشە و پێشکەوتن دەخوازێت و تا ئێستاش هیچ گۆڕانکارییەک لە دۆخی دامەزراوەکانی ڕووسیا لە خاکی سوریادا نەبینراوە./.