بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، سەرچاوە میدیاییەکانی زایۆنیست ڕایانگەیاندووە کە ستیڤن ڤیتکاف نێردەی تایبەتی دوناڵد ترەمپ سەرۆک کۆماری ئەمریکا بۆ کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئەمڕۆ چوارشەممە بە گەشتێکی تایبەت لە سعوودیەوە گەیشتووەتە تەل ئەبیب.
بڕیارە ناوبراو لە گەڵ بنیامین نتانیاهۆ سەرۆک وەزیرانی ڕژێمی زایۆنیستی و بەرپرسانی دیکەی ئەو ڕژێمە سەبارەت بە ڕێکەوتنی ئاگربەستی غەززە کۆببێتەوە.
بە پێی ڕاپۆرتی میدیاکانی ڕژێمی زایۆنیستی، ستیڤن ڤیتکاف سەردانی ناوچەی غەززەی کردووە.
باراک ڕاوید پەیامنێری زایۆنیست لە پێگەی هەواڵی ئەکسیۆس لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس ڕایگەیاندووە کە نێردەی ترەمپ بە یاوەری ڕان درمر وەزیری کاروباری ستراتیژیی ڕژێمی زایۆنیستی، ناوچەی غەززەی بەسەرکردووەتەوە.
ئەمەش یەکەم سەردانی بەرپرسێکی باڵای ئەمریکایە بۆ کەرتی غەززە لە ماوەی 15 ساڵی ڕابردوو./.