بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، مارتن دێمیکلیس ڕاهێنەری ئەرجەنتینی تیپی مۆنتری مەکسیک هیوای ئەوەی خواستووە کە لە کۆتاییدا سێرجیۆ ڕامۆس پەیوەندی بە تیپەکەیەوە بکات و هێڵی بەرگری بەهێز بکات.
ناوبراو وتی: ئێمە دەبێت لە هێڵی بەرگریدا بەهێز ببین بە وەرگرتنی یاریزانێکی گەورە، چونکە هەندێک جار یاریزانانی ڕکابەر بە کەمترین دەرفەت گۆڵ تۆمار دەکەن. ئایا دەتوانن بیهێنێنە بەرچاوتان کە بوونی سێرجیۆ ڕامۆس لە خولی مەکسیکدا مانای چییە؟ ئەمەش دەبێتە شەرەفێکی گەورە بۆ هەموومان. هیوادارم ئەم گواستنەوەیە زۆر بەم زووانە مسۆگەر ببێت.
پێویستە ئاماژە بەوە بدرێت کە ڕامۆس دوای کۆتایی هاتنی گرێبەستەکەی لە گەڵ سێڤیا لە هاوینی ساڵی ڕابردوو، یاریزانی هیچ تیپێکی تۆپی پێ نییە و هێشتا دۆخەکەی ڕوون نییە. بەڵام پێدەچێت بەم زووانە لە خولی مەکسیکدا ببینرێت./.