بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، محەممەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی هاوبەش لە گەڵ مستەفا مەدبولی سەرۆک وەزیرانی میسر لە بەغدا (پێنج شەممە 30 ی کانوونی دووەمی 2025) ڕایگەیاند کە بەهای گرێبەستە واژۆکراوەکانی عێراق لە گەڵ کۆمپانیا میسرییەکان زیاتر لە 600 ملیار دینارە.
سودانی کۆمیتەی هاوبەشی عێراق – میسر ی بە یەکێک لە سەرکەوتووترین کۆمیتە وزارییەکان لە بواری بەدواداچوون بۆ جێبەجێکردنی ڕێکەوتن و گرێبەستەکانی نێوان هەر دوو وڵات ناو برد.
ناوبراو ڕایگەیاند: عێراق و میسر لە بواری گواستنەوەی وشکانی نێوان هەر دوو وڵات، هاوکاری لە نێوان شارەوانی بەغدا و قاهیرە، هاوکاری لە بواری ئاسەوار و مۆزەخانەکان، هاوکاری لە بواری تەکنۆلۆژیای پەیوەندی و میدیایی و هاوکاری لە بواری درووستکردنی سایلۆکان و …. گرێبەستیان واژۆ کردووە.
ڕاشیگەیاند کە جێبەجێکردنی ئەم گرێبەستانە ئاسۆیەکی نوێ بە ڕووی هاوکارییەکانی نێوان عێراق و میسردا دەکاتەوە./.