بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، تەنیا سێ رۆژ پاش ڕاگەیاندنی کەوتنی دیمەشق و کۆتایی دەسەڵاتەکەی بەشار ئەسەد سەرۆک کۆماری پێشووی سوریا، لە کاتێکدا کە دەستەی تەحریری شام و گرووپەکانی پەیوەندیدار سەرقاڵی جێگیرکردنی هێزەکان لە پایتەخت و بەهێزکردنی پێگەی خۆیان بوون، کەسانی نزیک لە ئەحمەد شەرع یان هەمان ئەبومحەممەد جۆلانی بەپەلە کۆبوونەوەیەکیان لە گەڵ فەرماندەکانی گرووپە فەڵەستینییەکان لە کەمپی یەرموک بەڕێوەبرد.
پەیامەکە ڕوون، بەپەلە و یەکلاکەرەوە بوو: ” دەبێت چەکەکانتان ڕادەست بکەن، سەرجەم بنکە و کەمپە سەربازییەکان چۆڵ بکەن، تەنیا موڵەتی ئەوەتان هەیە لە گەڵ خۆتان لە شوێنی ئیشکردن چەکتان لە گەڵدا بێت “.
بە نێوەندگێڕی خالید مەشعەل سەرۆکی حەماس لە دەرەوەی فەڵەستین، بڕیار بوو ئەحمەد شەرع بڕیاری ئەوە بدات هیچ زیانێک بە فەرماندە فەڵەستینییەکانی نزیک لە دەسەڵاتی پێشووی سوریا نەگات. بەڵام ئەم بڕیارە لە ئاستی قسەدا مایەوە. چەکدارانی دەسەڵاتی نوێی سوریا هێرشیان کردە سەر گرووپە فەڵەستینییەکان بە تایبەت ” بەرەی گەل – فەرماندەیی گشتی ” لە نزیک سنورەکانی لوبنان. شەڕ و پێکدادانەکان گەیشتە ڕۆژهەڵاتی لوبنان و دواتر بە نێوەندگێڕی سوپای ئەم وڵاتە، دۆسیەی شەڕ و پێکدادانەکان داخرا.
سورییەکان بە کێشە ناوخۆییەکانەوە سەرقاڵ بوون و ئەمەش دەرفەتی بە ڕژێمی زایۆنیستی دا کە باشوری ئەم وڵاتە داگیر بکات، بە بێ ئەوەی کە ئەحمەد شەرع بچووکترین کاردانەوەی لە بەرامبەر داگیرکارییەکەی زایۆنیستەکاندا هەبێت. بە بۆچوونی ئەحمەد شەرع سوریا لە ئێستادا ئیش و کاری گرنگتری هەیە و لە هەلومەرجێکدا نییە کە بیر لە ڕوبەڕوبونەوەی ڕژێمی زایۆنیستی بکاتەوە. ئەم بۆچوونەش پێمان دەڵێت کە هیچ کات ناوبراو نایەوێت دژایەتی ڕژێمی زایۆنیستی بکات، ئەو بۆ مانەوەی خۆی پێویستی بەوە هەیە لە لایەن ئەمریکا، وڵاتانی ڕۆژئاوا و عەرەبییەوە بە فەرمی بناسرێت، لەم سیاسەتەشدا دژایەتیکردن و ڕوبەڕوبونەوەی ڕژێمی زایۆنیستی شوێنی نابێتەوە.
ئەحمەد شەرع بەو ڕاستییە گەیشتووە کە حوکمڕانی لە سوریا هێندە ئاسان نییە. ئەو بژاردەی زۆری لەبەردەستە، یا دەبێت هاوپەیمانییەکی گەورە پێک بێنێت یا دەبێت لە گەڵ ئەمریکا بگاتە ڕێکەوتن و دەرگاکانی سوریا زیاتر لە هەر کاتێکی دیکە بە ڕووی ئەو وڵاتەدا بکاتەوە.
تا ئێستا تێڕوانینی ترەمپ لە سەر جۆلانی تا ڕادەیەک ئەرێنی بووە، بەڵام هێشتا تاقییدەکاتەوە، لە هەمان کاتدا هیچ هەڵوێستێکی فەرمیی لە سەر دۆخی ناوخۆیی سوریا نەبووە.
ترەمپ پاش هێرشەکەی سەر حەلەب وتی کە ئەم بابەتە پەیوەندی بە ئەمریکاوە نییە بەڵام دەتوانێت لە گەڵ ئەم هێرشە لە گەڵ تورکیا وتووێژ بکات. سەرۆک کۆماری ئەمریکا هیچ هەنگاوێکی بۆ پاراستنی کوردەکان لە هێرشەکانی تورکیا و هەڕەشەکانی دەسەڵاتی نوێی سوریا نییە. ترەمپ تەنیا یەک داوای لە ئەحمەد شەرع هەیە: چۆن ڕژێمی زایۆنیستی لە ئاسایش و سەقامگیریدا بێت؟
تورکیا بە نیگەرانییەوە لەم پەیوەندییەی ئەحمەد شەرع دەڕوانێت، قەتەریش هەوڵ دەدات کەسانی نزیک لە خۆی بکاتە ئەندامی حکومەتەکەی ئەحمەد شەرع.
بەڵام کەس ناوێرێت سەبارەت بە پرۆژەکەی ئەحمەد شەرع بۆ بەدەستهێنانی متمانەی ترەمپ لێدوان بدات. سەرۆک کۆماری سوریا بۆ گەیشتن بە پشتیوانی ئەمریکا دەبێت ڕەزامەندی لە سەر چارەسەرکردنی کێشەی فەڵەستینییەکان دەرببڕێت.
ئەو ئێستا گرێبەستێک تاقیدەکاتەوە. دەیەوێت ڕەگەزنامەی سوری بە پەنابەرە فەڵەستینییەکانی دانیشتووی ئەم وڵاتە بدات، لەم پرۆژەیەدا فەڵەستینییەکان تێکەڵ بە کۆمەڵگای سوری دەبن و کەمپەکانیان بۆ هەمیشە دادەخرێن.
پرسیارێکی دیکەش هەیە، ئایا ئەحمەد شەرع ڕەزامەندی لە سەر داواکارییەکی نوێی ترەمپ بۆ قبووڵکردنی ئاوارەی نوێی فەڵەستین لە کەرتی خۆرئاوا و کەرتی غەززە و تەنانەت لە وڵاتانی دیکەی عەرەبییەوە دەردەبڕێت؟/.