بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، شرۆڤەکاران و فرۆشیارانی سووتەمەنی دەڵێن، بەکارهێنەرانی ئەمەریکا نرخەکانیان بۆ بەرز دەبێتەوە، دوای ئەوەی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەو وڵاتە ڕۆژی شەممەی ڕابردوو بڕیاریدا باج بە سەر هاوردەکردنی نەوت لە کەنەدا و مەکسیک بسەپێنێت.
ئەگەری بەرزبوونەوەی نرخی سووتەمەنی ڕەنگدانەوەی دوو سرووشتی سیاسەتە بازرگانییە پارێزگارییەکانی ترەمپە کە بۆ بەرزکردنەوەی بازرگانی ناوخۆیی و فشارخستنە سەر دراوسێکانی ئەمریکا بۆ سنووردارکردنی کۆچی نایاسایی و بازرگانیکردن بە ماددە هۆشبەرەکان داڕێژراوە، بەڵام ناکۆکە لە گەڵ بەڵێنەکانی بۆ بەرەنگاربوونەوەی هەڵاوسان.
ئەمەریکا ڕۆژانە نزیکەی چوار ملیۆن بەرمیل نەوت لە کەنەداوە هاوردە دەکات و لە سەدا 70ی ئەو نەوتە لە لایەن پاڵاوگەکانی ڕۆژئاوای ناوەڕاستەوە پاڵاوتراوە. هەروەها ڕۆژانە زیاتر لە ٤٥٠ هەزار بەرمیل نەوت لە مەکسیکەوە هاوردە دەکرێت بۆ ئەمریکا، بە شێوەیەکی سەرەکی بۆ پاڵاوگەکانی ناوچەی کەنداوی کاستە.
باج لە سەر ئەم هاوردەکردنانە بە مانای زیاتری تێچووی بەرهەمهێنانی سووتەمەنی کۆتایی وەک بەنزین دێت کە زۆربەیان دەگوازرێنەوە بۆ بەکارهێنەرانی ئەمریکی.
پاتریک دێهان شرۆڤەکاری کۆمپانیای گاسبادی، لە پۆستێکیدا لە سۆشیال میدیا ڕایگەیاند: ئەگەر نەوت و بەرهەمە پاڵاوتراوەکان بێبەری نەکرێن، پێشبینی دەکات نرخی سووتەمەنی بە شێوەیەکی بەرچاو بەرزبێتەوە. ناوبراو هەروەها بە ئاژانسی ڕۆیتەرزی ڕاگەیاندووە کە هەرچەندە باجەکان زیاتر بمێننەوە، زیانەکانی بەکاربەران خراپتر دەبێت.
دامەزراوەی نەوتی ئەمریکی کە نوێنەرایەتی پاڵاوگەکانی ئەو وڵاتە دەکات، ڕۆژی شەممە ڕایگەیاند کە هیوادارە ئەو باجانە هەڵبگیرێن پێش ئەوەی لە لایەن بەکارهێنەرانەوە هەستیان پێبکرێت.
بەرپرسانی کۆشکی سپی ڕۆژی شەممەی ڕابردوو ڕایانگەیاند کە دۆناڵد ترەمپ سەرۆک کۆماری ئەمریکا فەرمانی سەپاندنی باجی لە سەدا 25 ی بۆ هاوردەکردنی ئەم وڵاتە لە کەنەدا و ئەو ڕێژەیە بۆ هاوردە لە چین بە لەسەدا 10 دیاریکراوە./.