بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، حەسەن هانیزادە سەبارەت بە سەردانەکەی ڕۆژانی ڕابردووی سەید عەباس عێراقچی وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ قەتەر وتی: هاوکات لە گەڵ سەردانەکەی عێراقچی بۆ قەتەر، میری ئەو وڵاتە سەردانی دیمەشقی کرد و لە گەڵ ئەحمەد شەرع سەرۆک کۆماری قۆناغی ڕاگوزەری سوریا کۆبووە و پێدەچێت قەتەر لە داهاتوودا هەوڵ دەدات سەرەڕای جیاوازی لە تێڕوانینەکان، پەیوەندی نوێ لە نێوان ئێران و دەسەڵاتدارانی سوریا درووست بکات.
ناوبراو وتی: قەتەر یەکێک لە لایەنگرانی ڕەوتی ئیخوانی لە ناوچەکەیە و هاوکات لە گەڵ سەردانەکەی میری ئەم وڵاتە، ئەحمەد شەرع خۆیی وەک سەرۆک کۆماری قۆناغی ڕاگوزەری سوریا ناساند.
هانیزادە وتی: بە دڵنیاییەوە کە ئەم هەنگاوە کاردانەوەی ناوخۆیی لە سوریا بە دواوە بووە. ئەحمەد شەرع بە پێچەوانەی دەستووری سوریا و بە بێ هیچ ڕاوێژێک لە گەڵ کەسایەتییەکانی سوریا، خۆیی کردووەتە سەرۆک کۆمار کە ئەمەش هەڵسووکەوتێکی دیکتاتۆرییە.
ئەو شارەزایەی کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست وتی: قەتەر پەیوەندییەکی دیاریکراوی لە گەڵ ئێراندا هەیە و بەرژەوەندییەکانی ئێرانیش لە سوریا دەبێت پارێزراو بێت، سەرەڕای ئەوەی بەشار ئەسەد کۆتایی هاتووە، قەتەر هەوڵ دەدات ئێران و دەسەڵاتەکەی ئەحمەد شەرع لە داهاتوودا پەیوەندییان هەبێت.
ڕاشیگەیاند کە قەتەر دەتوانێت لە نێوان ئێران و ئەمریکاش نێوەندگێڕی بکات، ئەگەر تێڕوانینی ترەمپ و حکومەتەکەی لە سەر ئێران تووشی گۆڕانکاری ببێت./.