بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، کریستیانۆ ڕۆناڵدۆ لە نوێترین چاوپێکەوتنیدا لە گەڵ بەرنامەی تەلەفزیۆنی ئیسپانیا چەند شتێکی سەرنجڕاکێشی باسکردووە.
ناوبراو وت: بەڵێ، من تەواوترین یاریزانی جیهانم. ڕەنگە هەندێک کەس حەزیان لە مێسی یان مارادۆنا بێت یان پێلێ، بەڵام من خۆم بە تەواوتر لەوان دەزانم. من باشترین یاریزانم لە مێژووی تۆپی پێ لە جیهاندا و کەس لە خۆم بە باشتر ناناسم. من لە دڵەوە ئەم ڕاستییە دەڵێم.
ڕۆناڵدۆ له درێژەدا وتی: من گەورەترین گۆڵکارم لە مێژووی تۆپی پێدا. من یاریزانی چەپ پێ نیم، بەڵام من یەکێکم لە دە گۆڵکاری سەرەکی لە مێژوودا بە پێی چەپ. ئامارەکان ئەمە بە باشی نیشان دەدەن. من بە سەر، بە پێی چەپ، بە پێی ڕاست و لەسەر لێدانی سزا و سزای یەکلاکەرەوە گۆڵ تۆمار دەکەم، هەربۆیە من تەواوترین یاریزانم لە مێژووی جیهاندا و ئەوە درۆ نییە.
ئەستێرە پۆرتۆگالییەکە سەبارەت بە پەیوەندیی لە گەڵ مێسی ئەرجەنتینی وتی: پەیوەندیم لە گەڵ مێسی بە هیچ شێوەیەک خراپ نەبووە، ئەو هەمیشە بە باشی مامەڵەی لە گەڵمدا دەکرد. بەڵام هەریەکەمان پاڵنەرێکی تایبەتی خۆمان هەبوو و بە دوای ناوبانگدا دەگەڕاین لە گەڵ یانەی دڵخوازی خۆمان.
ئەستێرەی گەورەی تۆپی پێی جیهان لە وەڵامی پرسیارێکدا کە ئایا دوای تۆپی پێ ڕاهێنەرایەتی دەکات؟ وتی: نەخێر، نامەوێت ببمە ڕاهێنەر. ئەمەش مەحاڵە. من بە درێژایی ژیانم یاری تۆپی پێم کردووە، بەڵام ڕاهێنەرایەتی زۆر قورسە و پێم وایە کەسایەتیم بە هیچ شێوەیەک بۆ ڕاهێنەرایەتی گونجاو نییە./.