بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، دکتۆر مەسعود پزیشکیان سەرۆک کۆماری ئیسلامی ئیران لە چاوپێکەوتنی مەحمود مەشهەدانی سەرۆکی پەرلەمانی ئێران وتی: لەو بڕوایەداین ئەوەی کە بووەتە هۆی لاوازی جیهانی ئیسلام، پەرەپێدانی ناکۆکییە ناوخۆییەکانە، ئەگەر وڵاتانی ئیسلامی وێڕای هەوڵدان بۆ گەشەپێدانی ئابوری و ئاسایشی گەلانی خۆیان، لە پێناو ئامانجە هاوبەشەکان، واز لە ناکۆکی بێنن و پێکەوە یەکگرتوو بن، بە دڵنیاییەوە پیلانی دوژمنان و ناحەزان سەرناگرێت.
ناوبراو هاوکاری و هاوئاهەنگی بەردەوامی ئابوری، بازرگانی، زانستی، تەکنۆلۆژیایی و سنوریی بە بەستێنی گونجاوی پتەوکردن و پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان وڵاتانی ئیسلامی ناو برد و وتی: ئەگەر بتوانین ئەم هاوکارییانە لە بوارەکانی وەک پیشەسازی، کشتووکاڵ، گواستنەوە، تەندرووستی و کەلتوری زیاتر بکەین، دەبێتە هۆکاری بەهێزبوونمان و وڵات و گەلانی خۆمان لە بەرامبەر هەر هەڕەشە و هێرشێک دەپارێزین.
پزیشکیان لە درێژەدا بە ئاماژە بە گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە بە تایبەت سوریا وتی: هەڵوێستی ئێمە لە بەرامبەر سوریا پێکهێنانی حکومەتێکی گشتگیر بە بەشداری خەڵک، پاراستنی یەکپارچەیی، ڕێگری لە دابەشبوون، ئاسایش و سەقامگیری ناوچەکە و بە گشتی مسۆگەرنەبوونی ئامانجی دوژمنانە.
سەرۆک کۆماری ئیسلامی ئێران وێڕای دەستخۆشی لە هەڵوێستی عێراق بۆ پشتیوانیکردنی خەڵکی غەززە وتی: سەبارەت بە هاوکاریکردنی غەززە و لوبنان، پێشنیاری ئێمە ئەوەیە کە هەر یەک لە وڵاتانی ئیسلامی بە پێی توانای خۆیان بۆ ئاوەدانکردنەوە و گەڕانەوەی ئاوارەکان بۆ ناوچەکانی خۆیان یارمەتیدەر بن، لە بەر ئەوەی کە گرنگینەدان بە ئێش و ئازاری موسڵمانانی غەززە و لوبنان بە دوور لە ئامۆژە ئایینی و مرۆییەکانی ئێمەیە./.