بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ” ئەیال عوفەر ” شارەزا و شرۆڤەکاری سیاسی ڕۆژنامەی مەعاریۆ، گاڵتەی بە بانگەشە و لێدوانی هەندێک لە بەرپرسانی ڕژێمی زایۆنیستی کردووە سەبارەت بە لەناوبردنی بزوتنەوەی حەماس.
ناوبراو ڕایگەیاندووە کە بزوتنەوەی حەماس سەرقاڵی نۆژەنکردنەوەی خێرای ژێرخانەکانی غەززەیە تا ئاوارەکانی غەززە هانی گەڕانەوە بەرەو ناوچەکانی خۆیان بدات، وێڕای ئەوەی کە تا ئێستا نیو ملیۆن کەس لە ئاوارەکان گەڕاونەتەوە.
ئەو شرۆڤەکارە زایۆنیستە بە ئاماژە بە لێدوانەکانی وەزیری دارایی ئەو ڕژێمە سەبارەت بە دەستپێکردنەوەی شەڕ تا لەناوچوونی تەواوی حەماس و نەکشانەوە لە ڕێڕەوی فیلادلفیا، ڕایگەیاندووە کە بەرپرسانی باڵای حەماس بەم لێدوانانە پێدەکەنن.
ئەیال عوفەر ڕایگەیاندووە کە ئەگەرچی هەندێک ناوچەی باکوری غەززە وەک بەیت حانوون، بەیت لاهیا، کەمپی جەبالیا و چەندین بەشی ڕۆژهەڵاتی شوجاعیە بە تەواوی ڕووخاون، بەڵام وەک چۆن کە لە گرتەی ڤیدیۆیی ئازادی دیلەکاندا دەرکەوتووە، بەشی ناوەڕاستی غەززە و زۆربەی ناوچەکانی ڕۆژئاوای زیانێکی ئەوتۆیان پێنەگەیشتووە.
ڕاشیگەیاندووە کە حەماس بە شێوازی جیاجیا هەوڵی کۆکردنەوەی هاوکاری زیاتر دەدات و دەیەوێت لەم قۆناغەدا واز لە وەرگرتنی ڕاستەوخۆی حکومەت بێنێت تا ڕێگری لە گەیشتنی هاوکارییەکان بۆ غەززە نەکات، بەڵام لە ماوەی 5 تا 10 ساڵی داهاتوودا بە سەر دەسەڵاتی خۆبەڕێوەبەردا زاڵ دەبێت و حکومەتی غەززە دەگرێتەوە دەست./.