بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، حەزرەتی ئایەتوڵڵا خامنەیی لەو کۆبوونەوەدا یاد و بیرەوەرییەکانی شەهیدانی غەززە و فەرماندەکانی شەهید بە تایبەت شەهید ئیسماعیل هەنیە و شەهیدانی دیکەیان بەرز ڕاگرت و بەرامبەر بە سەرکردەکانی حەماس وتیان: خودای گەورە بە ئێوە و بە خەڵکی غەززە، سەربەرزی و سەرکەوتنی بەخشی و غەززەی کردە نموونەی ئەو ئایەتە پیرۆزەی کە دەڵێت ” ڕەنگە گرووپێکی بچووک بە هۆی سەرکەوتن و یارمەتی خودایی، بتوانن بە سەر دەسەڵاتێکی گەورەدا زاڵ ببن “.
بەڕێزیان وتیان: ئێوە ڕژێمی زایۆنیستی و لە ڕاستیدا ئەمریکاتان شکست پێهێنا و بە یارمەتی خودای گەورە موڵەتی ئەوەتان نەدا ئەوان بە هیچ یەک لە ئامانجەکانیان بگەن.
ڕێبەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامی ئێران بە ئاماژە بە ئێش و ئازارەکانی خەڵکی غەززە لە شەڕی سەپێندراوی ڕژێمی زایۆنیستیدا، وتیان: ئەنجام و بەرهەمی ئەم ئێش و ئازار و تێچووانە، سەرکەوتنی ڕاستی بە سەر درۆدا بوو و خەڵکی غەززە بوونە نموونەیەک بۆ هەموو ئەوانەی پابەندی خۆڕاگرین.
حەزرەتی ئایەتوڵڵا خامنەیی وێڕای دەستخۆشی لە شاندی دانوستانکاری حەماس، ڕێکەوتنیان بە دەسکەوتێکی گەورە ناو برد و وتیان: ئەمڕۆ ئەرکی سەر شانی جیهانی ئیسلام و لایەنگرانی خۆڕاگری، هاوکاریکردنی خەڵکی غەززە بۆ کەمکردنەوەی ئێش و ئازارەکانی ئەوانە.
بەڕێزیان پلانداڕێژی بۆ کاروباری ڕۆشنبیری و بەردەوامیدان بە کاروباری میدیایی ئێستا لە گەڵ کاروباری سەربازی و ئاوەدانکردنەوەی غەززەیان بە پێویست زانی و وتیان: هێزەکانی خۆڕاگری و حەماس لە کاری میدیاییدا کارنامەیەکی زۆر باشیان هەبووە و ئەم شێوازە دەبێت بەردەوام بێت.
ڕێبەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامی ئێران هەڕەشەکانی ئەمریکایان بە بێ کاریگەر ناو برد و وتیان: پرسی فەڵەستین بۆ ئێمە پرسێکی سەرەکی و سەرکەوتنی فەڵەستینیش بۆ ئێمە بابەتێکی یەکلاکراوەیە.
لەو کۆبوونەوەدا محەممەد ئیسماعیل دەروێش سەرۆکی ئەنجومەنی سەرکردایەتی حەماس وێڕای پیرۆزبایی سەرکەوتنە گەورەکەی خۆڕاگری لە ڕێبەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامی ئێران، وتی: ئێمە ڕێکەوتی ڕۆژانی سەرکەوتنی غەززە لە گەڵ ساڵڕۆژی سەرکەوتنی شۆڕشی ئیسلامی ئێران بە نیشانەیەکی باش دەزانین و هیوادارین ئەمەش ڕێگاخۆشکەری ڕزگارکردنی قودس و مزگەوتی ئەقسا بێت.
هەروەها خەلیل حەیە جێگری سەرۆکی مەکتەبی سیاسی بزوتنەوەی حەماس ڕایگەیاند کە سەرکەوتنی غەززە، سەرکەوتنی هاوبەشی ئێمە و کۆماری ئیسلامی ئێرانە./.