بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ” یوسف بن تەڕاد سەعدون ” ئەندامی ئەنجومەنی ڕاوێژکاریی سعوودیە لە میانەی نووسینێکدا کە لە میدیاکانی ئەو وڵاتە بڵاو بووەتەوە، ڕایگەیاندووە کە ” ئەگەر ترەمپ دەیەوێت قارەمانی ئاشتی بێت و سەقامگیری و پێشکەوتن بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە دیاری بێنێت، دەبێت دۆستانی زایۆنیستی خۆی بۆ ئەلاسکا و پاشان گرینلاند – ئەڵبەت پاش داگیرکردنی گرینلاند – بگوازێتەوە “.
ناوبراو ڕایگەیاندووە کە ” ترەمپ دەبێت لەوە تێبگات کە بڕیارە خراپەکان تەنیا لە لایەن ئەو کەسانەوە دەردەکرێن کە زانست و ئەزموونی کەسانی پسپۆڕ لەو بوارەدا لەبەرچاو ناگرن و خۆیان لە دانوستان و وتووێژ لە گەڵ کەسانی پسپۆڕ بە دوور دەگرن “.
سەعدون ڕایگەیاندووە کە ” زایۆنیستەکان و لایەنگرانیان دەبێت بزانن کە ناتوانن سەرکردایەتی و حکومەتی سعوودیە لە ڕێگای گوشاری سیاسی و بانگەشەوە فریو بدەن “.
ئەم بەشەی نووسینەکەی یوسف سەعدون وەڵامێکی ڕاستەوخۆیە بۆ لێدوانەکانی بنیامین نتانیاهۆ سەرۆک وەزیرانی ڕژێمی زایۆنیستی لە چاوپێکەوتنی لە گەڵ کەناڵی 14 ی تەلەفزیۆنی ئەو ڕژێمە کە ڕایگەیاندبوو ” من کێشەم لە گەڵ ڕاگەیاندنی دەوڵەتی سەربەخۆی فەڵەستین لە خاکی سعوودیەدا نییە، ئەوان ناوچەیەکی زۆر گەورەیان هەیە “.
پێشتر سەید عەباس عێراقچی وەزیری دەرەوەی ئێرانیش پێشنیاری ئەوەی کردبوو کە ترەمپ دەتوانێت لە جێی دەرکردنی فەڵەستینییەکان لە کەرتی غەززە، زایۆنیستەکان بباتە گرینلاند./.