بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، وەزارەتی دەرەوەی سعوودیە لە بەیاننامەیەکدا جەختیکردووەتەوە کە ڕیاز دەستخۆشی لە هەڵوێستی وڵاتانی برادەر سەبارەت بە ئیدانەکردنی لێدوانەکانی نتانیاهۆ دەکات. عەقڵیەتی توندڕەوی داگیرکاران تێگەیشتنی درووستی نییە لە سەر پێگەی خاک و گەلی برادەری فەڵەستین و پەیوەندی سۆزداری و مێژوویی و یاسایی ئەوان لە گەڵ ئەم خاکە و لە بنەڕەتدا مافێک بۆ ژیانی گەلی فەڵەستین لەبەرچاو ناگرێت.
لەو بەیاننامەیەدا هاتووە کە ئەم هەڵوێستانە جارێکی دیکە جەخت لە سەر پێگەی سەرەکی پرسی فەڵەستین لە لایەن وڵاتانی عەرەبی و ئیسلامی دەکاتەوە. سعوودیە بە توندی لێدوانی وەها ڕەتدەکاتەوە، لە بەر ئەوەی کە ئامانجەکەی بەلاڕێدابردنی ڕای گشتییە لەو هەموو تاوانەی کە سوپای ئیسرائیل لە دژی فەڵەستینییەکان لە غەززە دەیکات، بە تایبەت ئەو کردەوانەی کە پاکتاوی نەتەوەییە.
وەزارەتی دەرەوەی سعوودیە ڕایگەیاندووە کە سوپای ڕژێمی زایۆنیستی بە بێ ئەوەی هەست بە بچووکترین بەرپرسیارێتی ئەخلاقی بکات، کەرتی غەززەی بە تەواوی ڕووخاندووە و زیاتر لە 160 کەس کوژراو و بریندار بوون کە زۆربەیان لە ژنان و منداڵان پێکدێن.
بەیاننامەکە ڕایگەیاندووە کە گەلی برادەری فەڵەستین خاوەنی ڕەسەنی ئەم خاکەن و ئاوارە و پەنابەر نین کە ئیسرائیل هەر کات بیەوێت، ئەوان دەربکات.
ڕاشیگەیاندووە کە مافی گەلی فەڵەستین سەلمێندراوە و بە تێپەڕبوونی کات هیج کەس توانای لەناوبردنی ئەم مافەی نییە./.