شوان ڕابەر لە وتووێژی لە گەڵ پەیامنێری جام کوردی، لە پەراوێزی بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمی ساڵیادی سەرکەوتنی شۆڕشی ئیسلامی ئێران لە هەولێر، سەبارەت بەم بۆنەیە وتی: ئامانجی سەرەکی شۆڕشی ئیسلامی کە لە لایەن ڕێبەری پێشووی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە باس دەکرا، هەناردەکردنی شۆڕش و هەروەها بەرگریکردن لە زوڵملێکراوان بوو، بە واتایەکی دیکە ئەم شۆڕشە لە شوێنەکانی دیکەش بکرێت و بەرگری لە خەڵکی چەوساوە و ستەملێکراو بکات.
ناوبراو وتی: ئەو درووشمە، درووشمێکی زۆر باش بوو، بۆ گەلانی عێراق کە لەو کاتەدا لە لایەن ڕژێمی بەعسی سەدامەوە سەرکوت دەکران و پێویستیان بە پاڵپشتی بوو، بە تایبەت بۆ کورد کە لە ساڵی 1975 یش لێیقەوما، ڕووی لە ئێران کرد.
ئەو ئەندامەی ئەنجومەنی باڵای کۆمەڵی دادگەریی کوردستان وتی: گەلانی ئێران لەو سەردەمەدا بە تایبەت کوردان، هاوکاری زۆر باشی خەڵکی کوردستانی عێراقیان کرد و هەروەها لە کۆڕەوە گەورەکە و پاش سەرکوتکردنی ڕاپەڕینی خەڵک، دیسانەوە گەل و حکومەتی ئێران هاوکاری خەڵکی کوردستانیان کرد.
شوان ڕابەر وتی: باشترە هەرێمی کوردستان پەیوەندییەکی پتەوی لە گەڵ ئێران هەبێت، لە بەر ئەوەی کە ئێران و عێراق دوو وڵاتی دراوسێن و ئێمە وەک هەرێمی کوردستان لە زۆر بواری وەک کەلتوری لە ئێرانەوە نزیکین و تێکەڵاوییەکی زۆرمان هەیە./.