بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، محەممەد حاجی مەحمود لە ڕێوڕەسمی بەرزڕاگرتنی ساڵیادی سەرکەوتنی شۆڕشی ئیسلامی ئێران کە لە شاری هەولێر بەڕێوەچوو، وتی: شۆڕشی ئیسلامی ئێران بووە هەناسەیەکی نوێ بۆ بزوتنەوەی ڕزگاریخوازی کورد لەو سەردەمەدا بە تایبەت کە دەسەڵاتی شای ئێران و سەدام لە عێراق بە پێی ڕێکەوتنی جەزایر، پەلاماری کوردیان دەدا.
ناوبراو بە ئاماژە بە دۆخی ئەو کاتەی هێزەکانی پێشمەرگە و خەڵکی کوردستان بە گشتی، وتی: لەو سەردەمەی خەباتی دژ بە سەدام، بریندارەکانی کورد بە هۆی نەبوونی دکتۆر و دەرمانەوە شەهید دەبوون، بەڵام سەرکەوتنی شۆڕشی ئیسلامی ئێران بووە هەناسە و دەرفەتێکی نوێی هاوکاری و پشتیوانی بۆ ئێمە و دژایەتیکردنی ڕژێمەکەی بەعس.
سەرۆکی پارتی سۆسیال دیمۆکراتی کوردستان وتی: پەیامەکانی ئیمام خومەینی (رە) لە سەرمای ئەو کاتەی زستانی ئێران، گەرمییەکی زۆری خستبووە سەر شەقامەکان و خەڵکی شۆڕشگێڕی ئێران بە یەکڕیزی سەرکەوتنی شۆڕشیان مسۆگەر کرد.
محەممەد حاجی مەحمود بە ئاماژە بە پشتیوانیکردنی خەڵکی شۆڕشگێڕی ئێران لە لایەن هێزی پێشمەرگەی کوردستانەوە لەو سەردەمەدا، وتی: پێش ئەم ڕووداوە گرنگە، ئایینی پیرۆزی ئیسلام بەرەو کاڵبوونەوە دەڕۆیشت بەڵام سەرکەوتنی شۆڕشی ئیسلامی ئێران بووە هاندەرێکی گەورەی گەشەکردنی لە زۆر وڵاتی دیکەدا و شۆڕشی ئیسلامی تەنیا لە سنورەکانی ئێراندا نەمایەوە و چەندین وڵات و شوێنی دیکەی لە ناوچەکەدا گرتەوە.
ناوبراو وتی: دۆستانی دوێنێی کۆماری ئیسلامی ئێران لە هەرێمی کوردستان و عێراق دەسەڵاتدارن، کۆماری ئیسلامی وڵات و هێزێکی گەورەی ناوچەکەیە و پێویستە هاوکارییەکانی نێوان هەر دوو لا زیاتر ببێت./.