بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، فازڵ میرانی لە ڕێوڕەسمی ساڵیادی سەرکەوتنی شۆڕشی ئیسلامی ئێران لە هەولێر، وتی: خۆشحاڵین بە نوێنەرایەتی سەرۆک مەسعود بارزانی و پارتی دیمۆکراتی کوردستان و لە گەڵ هێز و لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان بەشداری لە ڕێوڕەسمی چل و شەشەمین ساڵیادی سەرکەوتنی شۆڕشی ئیسلامی دەکەین.
ناوبراو وتی: کورد و بە تایبەت پارتی دیمۆکراتی کوردستان یەکێک لە سەرەکیترین زەرەرمەندانی ڕێکەوتنی جەزایر لە نێوان هەر دوو ڕژێمی شا و سەدام بووین و بە ڕۆیشتنی شا لە ئێران، ئێمەش وەک هەر ئێرانییەک خۆشحاڵ بووین، لە بەر ئەوەی کە ئێمە قوربانی ڕێکەوتنێک بووین کە شا پلانداڕێژەکەی بوو.
فازڵ میرانی وتی: سوپاسی کۆماری ئیسلامی ئێران دەکەین کە تەرمی بارزانی نەمر بە ڕێزەوە لە ئەمریکاوە هێنراوە ئەم وڵاتە و هەروەها هێز و لایەنە سیاسییەکانی کوردستان بە ئاشکرا چالاکییان دەکرد و هاوکاری ئاوارەکانیش دەدرا.
بەرپرسی دەستەی کارگێڕی مەکتەبی سیاسی پارتی دیمۆکراتی کوردستان وتی: لە شەڕی سەپێندراوی سەدام لە دژی شۆڕشی ئیسلامی ئێران، هێزە سیاسییە کوردستانییەکان بە تایبەت پارتی دیمۆکراتی کوردستان شان بە شانی ئێران و گەلەکەی، شەڕی ئەو ڕژێمەیان کرد.
ناوبراو وتی: کورد لە سەرکەوتنی شۆڕشی ئیسلامی ئێران و گۆڕینی ڕژێمی شا سوودمەند بووە.
فازڵ میرانی وتی: لە ساڵی 1991 و لە ڕاپەڕینی گەلی کورد، کۆماری ئیسلامی ئێران هەڵوێستێکی برادەرانە و مرۆڤدۆستانەی بەرامبەر بە ئێمە هەبووە، هەروەها لە کارەساتی دڵتەزێنی بۆردومانی کیمیایی هەڵەبجە لە لایەن سەدامەوە، بە کردنەوەی دوو کۆنسووڵخانە لە هەولێر و سلێمانی، لە شەڕی دژ بە داعش و لە سەرجەم قۆناغەکاندا کۆماری ئیسلامی ئێران هاوکار و پشتیوانی کورد بووە.
وتیشی کە پێویستە هەر دوو لا کەڵک لە خاڵە ئیجابییەکانی نێوانیان وەربگرن و پەرە بە پەیوەندییەکان لە سەرجەم بوارەکاندا بدەن./.