بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، لە ڕۆژانی ڕابردوودا هەواڵی ڕووداوێکی هاتووچۆی بارهەڵگرێک و گڕگرتنی، کە بەرهەمی قاچاخی هەڵگرتبوو لە سەر ڕێگای عەربەت – سلێمانی، مشتومڕ و دەنگدانەوەی زۆری بە دوای خۆیدا هێنا. بارهەڵگرەکە بە تەماتە و بڕێک بەنزین بارکرابوو.
لە ئاکامی ئەو ڕووداوەش شۆفێری بارهەڵگرەکە کە خەڵکی مەریوان بوو و وریا حەمەکەریم پەیامنێری ئێن ئار تی لە هەڵەبجە، گیانیان لە دەستدا.
ڕووداوەکە بووە هۆی ئەوەی کە بەرپرسان و میدیاکانی هەرێمی کوردستان بە شێوەیەکی بەرفراوان قسە لە سەر ئەم بابەتە بکەن.
بەرپرسانی هەرێمی کوردستانی عێراق لەو بڕوایەدان کە کەمتەرخەمی لە سنوری پەروێزخان بووەتە هۆی وەها ڕووداوێک لە هەرێم. لە لایەکەوە بەم دواییانە فەرمانی قەدەغەکردنی هاوردەی تەماتە لە لایەن حکومەتی هەرێمەوە دەرکراوە و لە لایەکی دیکەوە لە ئێرانیش قاچاخی سووتەمەنی و چوونە دەرەوەی لە ئێران قەدەغەیە.
لایەنی عێراقی پێی وایە کە کەمتەرخەمی چاودێرانی گومرک بە تایبەت لە سنوری پەروێزخان بووەتە هۆی ئەم کێشەیە و سنوری پەروێزخان بە بۆنەی نەبوونی چاودێرییەوە بە شوێنی هاتووچۆ و چالاکی قاچاخچییەکان دەزانن.
ئەمەش لە کاتێکدایە کە قایمقامی قەسری شیرین (ئاڵوگۆڕ لە پۆستەکەیدا کراوە و بە قایمقامی پێشوو ناو دەبرێت) ڕۆژی سێ شەممە 11 ی شوباتی 2025 بێ ئاگایی خۆی لە بیستنی ئەم هەواڵە دەربڕی و ڕایگەیاند کە قاچاخچێتی لە هەموو سنورێک لە جیهاندا هەیە و ناتوانرێت حاشا لەم بابەتە بکرێت.
محەممەد نەجەفی ڕایگەیاندووە کە بەرەنگاربوونەوەی قاچاخچێتی لە سنوری پەروێزخان 24 کاتژمێرییە.
ناوبراو ڕایگەیاندووە کە دەبێت کاتی چوونە دەرەوەی ئەو بارە ببینرێت تا لەو کاتەدا ڕوون ببێتەوە کێ بەرپرسی چاودێری هاتووچۆ بووە و بە دڵنیاییەوە ئەم بابەتە لە بەڵگەی بارکردنی شۆفێرەکەدا ڕوون دەبێتەوە و دەتوانرێت بە شێوەیەکی یاسایی مامەڵە لە گەڵ بابەتەکەدا بکرێت.
قایمقامی پێشووی قەسری شیرین بێ ئاگایی خۆی لە باری قاچاخی تەماتە و شاردنەوەی بەنزین تێیدا دەربڕی و ڕایگەیاند کە ئەو دیوی سنور پەیوەندی بە لایەنی عێراقییەوە هەیە و پەیوەندی بە ئێمەوە نییە بەڵام تا پێش سنورەکە، ئێمە هەوڵ دەدەین هیچ بەرهەمێک بە نایاسایی ڕەوانەی عێراق نەکرێت.
ڕاشیگەیاندووە لە ئەگەری هەر کەمتەرخەمییەک، بە دڵنیاییەوە بە شێوازی یاسایی مامەڵە دەکرێت.
شیاوی ئاماژەیە کە چاوپێکەوتنی جام کوردی لە گەڵ قایمقامی قەسری شیرین لە سەر ئەم بابەتە، چەندین کاتژمێر پێش ئاڵوگۆڕی پۆستەکەی بووە و نیوەڕۆی ڕۆژی سێ شەممە بە فەرمانی پارێزگاری کرماشان، محەممەد نەجەفی شوێنی خۆیی دایە محەممەد شەفیعی.
پێویستە بوترێت کە جام کوردی وەک دەزگایەکی ڕاگەیاندنی داواکار، بە جیدی بەدواداچوون بۆ کێشەکانی سنوری پەروێزخان دەکات، هەروەها بەدواداچوونی پێویست بۆ دیاردەی قاچاخ، بە تایبەت قاچاخی سووتەمەنی و هەوڵی گەیشتن بە ئەنجامی بەدواداچوونەکانی دەدات./.