بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، سەید عەبدولمەلک بەدرەدین حوسی ئەمرۆ پێنج شەممە 13 ی شوباتی 2025 لە وتارێکدا بە توندی ئیدانەی پرۆژەکەی دۆناڵد ترەمپ سەرۆک کۆماری ئەمریکای بۆ دەرکردنی فەڵەستینییەکان بە تایبەت خەڵکی غەززە کرد و وتی: لێدوانەکانی سەرۆک کۆماری تاوانباری ئەمریکا کۆمەڵگای مرۆیی تووشی سەرسوڕمان کردووە و شەپۆلێک لە ئیدانەکردنی جیهانیی بە دواوە بووە.
ناوبراو بە ئاماژە بەوەی کە پرۆژەکەی ترەمپ لەناوبردنی مافی فەڵەستینییەکانە، وتی: هەندێک لەو بڕوایەدابوون کە لێدوانەکانی ترەمپ لەو لێدوانانەیە کە لە گەڵ ڕاستییەکان یەکناگرنەوە و نالۆژیکی، قبووڵنەکراو و ناعەقڵانییە و بەم هۆیەوە بە جیدی سەیر نەکرا.
سەرۆکی ئەنساروڵڵای یەمەن وتی: دووبارەکردنەوەی پرسی دەرکردنی فەڵەستینییەکان لە سەر خاکی خۆیان، ئەوەی پیشاندا کە ترەمپ پێداگری لە جێبەجێکردنی پرۆژە تاوانبارانەکەی خۆی دەکات کە لە دژی ماف و دادپەروەرییە، پرسی کڕینی غەززە ڕوبەڕوی شەپۆلێکی ئیدانەکردنی جیهانی بووەتەوە، لە بەر ئەوەی کە ئەم پرۆژەیە زۆر نامرۆڤانە و دوژمنکارانەیە.
سەید عەبدولمەلک بەدرەدین حوسی وتی:ئەم پرۆژە لە ئەنجامی سیاسەتی زۆربێژی ئەمریکایە و بەم هۆیەوە ئێمە لە گەڵاڵەکردنی تووشی سەرسوڕمان نەبووین، هەرچەندە پرۆژەکە دڕندانە و زاڵمانەیە، سیاسەتەکانی ئەمریکا زوڵم و پێشێلکارییەکانی ئەو وڵاتە لە سەر ئاستی جیهان پیشان دەدات.
ناوبراو وتی: ئەمریکا بڕوای بە پرۆژەی زایۆنیسم هەیە و هەوڵی مسۆگەربوونی دەدات، ئەگەر ئەم پرۆژەیە سەرکەوتوو بێت، بە دەستبەسەرداگرتنی مافی گەلی فەڵەستین و چەوساندنەوەیان دەکرێت.
وتیشی کە ئەمریکا پاش گرێبەستی سەدە، هەوڵی جێبەجێکردنی تاوانی سەدە دەدات./.