بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە چاوپێکەوتنی تایبەت لە گەڵ ” ئاژانسی هەواڵی ئیسنا ” (لە لایەن جام کوردییەوە وەرگێڕاوەتەوە) وتی: سەردانەکەی دکتۆر مەسعود پزیشکیان سەرۆک کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ هەرێمی کوردستان و هەروەها سەردانەکەم بۆ تاران ” وەرزێکی گرنگ و قۆناغێکی نوێ ” لە پتەوکردنی پەیوەندییەکانی هەر دوو لایە.
ناوبراو ڕایگەیاند کە بەرەوپێشچوونێکی باش لە جێبەجێکردنی ڕێکەوتنە ئەمنییەکەی نێوان ئێران و عێراق دەبینرێت.
بارزانی وتی: ڕێگا نادەین لە خاکی هەرێمی کوردستانەوە ئاسایش و سەقامگیری ئێران هەڕەشەی لە سەر بێت.
دەقی تەواوی چاوپێکەوتنەکە لە درێژەدا هاتووە:
سەردانەکەی سەرۆک کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ هەرێمی کوردستان، چ کاریگەرییەکی لە سەر پتەوکردنی پەیوەندییەکان لە بواری سیاسی، ئابوری، ڕۆشنبیری و ئەمنی هەبووە؟
کۆماری ئیسلامی ئێران دراوسێی گرنگی عێراق و هەرێمی کوردستانە. ئێمە لە هەرێمی کوردستان پەیوەندییەکی مێژووییمان لە گەڵ ئێراندا هەیە. سەردانەکەی بەڕێز پزیشکیان بۆ هەرێمی کوردستان و پێش ئەوەش سەردانەکەم من بۆ تاران و چاوپێکەوتنم لە گەڵ ڕێبەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامی ئێران و هەروەها بەرپرسانی باڵای دیکە، وەرزێکی گرنگ و قۆناغێکی نوێی پتەوکردنی ئەم پەیوەندییانە بووە. سەردانەکەی دکتۆر پزیشکیان بۆ هەرێمی کوردستان بووە هۆی خۆشحاڵی ئێمە و جەختکردنەوە لە سەر پەیوەندی مێژوویی و کەلتوری نێوان هەر دوو لا بووە. ئەم سەردانە بووە هۆی ئەوەی کە هاوکارییەکانی نێوان تاران و هەولێر لە سەرجەم بوارەکاندا پتەوتر بێت و بە تایبەت سەبارەت بە وتووێژە بەردەوامەکانی عێراق و ئێران بۆ دڵنیایی زیاتر لە جێگیربوونی ئاسایش و ئارامی لە سنورەکان و هەروەها بە گشتی بۆ ئەم ناوچەیە، گرنگ بوو.
لە ڕووی ئابوریشەوە چۆنیەتی پەرەپێدانی ئاڵوگۆڕە بازرگانییەکان و بەرزکردنەوەی ڕێژەی هەناردە و هاوردە لە نێوان هەر دوو لا و کردنەوەی ئاسۆی نوێ بە ڕووی هاوکارییەکان و وەبەرهێنانی هاوبەش لە بەشە جیاجیاکان، بیر و ڕای لە سەر ئاڵوگۆڕ کرا. لە ڕووی ڕۆشنبیرییەوە گرنگییەکی هاوبەش لە پتەوکردنی هاوکاری زانستی و زانکۆیی و هەروەها ئاڵوگۆڕ و پەیوەندی ڕۆشنبیری لە نێوان دەزگا و دامەزراوەکانی پەیوەندیداری هەر دوو لادا هەیە.
هەورەها لە ڕووی ئەمنییەوە هەر دوو لا جەختیان لە سەر پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری لە سنورە هاوبەشەکان و هاوئاهەنگی و هەوڵی زیاتر بۆ ڕوبەڕوبونەوەی مەترسی و هەڕەشە ئەمنییەکان کردەوە، بە شێوازێک کە لە پێناو بەرژەوەندییەکانی هەر دوو لا و خزمەتکردنیدا بێت.
ئەو ڕێکەوتنانەی کە لە میانەی سەردانەکەی سەرۆک کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ هەرێمی کوردستان واژۆ کران، تا چەندە خراونەتە بواری جێبەجێکردنەوە و چۆن چاودێری و بەدواداچوونیان بۆ دەکرێت؟
دەزگا و دامەزراوە پەیوەندیدارەکانی عێراق و ئێران سەرقاڵی چاودێری و بەدواداچوونی چۆنیەتی جێبەجێکردنی ڕێکەوتنەکانن لە بەشە جیاجیاکان بە تایبەت ئابوری و ئەمنی یان هاوکارییەکان لە بواری ڕۆشنبیری. ڕێژەی ئاڵوگۆڕە بازرگانییەکانی نێوان ئێران و عێراق ساڵانە زیاتر لە 10 ملیار دۆلارە کە لە سەدا 60 ی لە ڕێگای هەرێمی کوردستانەوە دەکرێت. دەمانەوێت ئەوەی لە تواناماندا بێت و چوارچێوەی یاساکانی عێراق موڵەتمان پێدەدات، ئەم ڕێژەیە بەرزتر بکەینەوە. بۆ گەیشتن بەم ئامانجە گرنگەش ڕێگاکانی ئێستا تاوتوێ دەکەین و لەم بوارەدا ئاسانکاری پێویست بۆ ئاڵوگۆڕە بازرگانییەکان دابین دەکەین.
سەبارەت بە هاوکارییە ئەمنییەکانیش، لە چوارچێوەی ڕێکەوتننامەی عێراق و ئێران، هاوئاهەنگییەکی بەردەوام لە نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی ناوەندی لە بەغدا بۆ جێبەجێکردنی ئەو ڕێکەوتنە هەیە، لە گەڵ ئەمانەش بە پابەندبوون و دڵنیایی تەواو، موڵەتی ئەوە نادرێت لە خاکی هەرێمی کوردستانەوە، هیچ شتێک هەڕەشە لە سەر ئاسایش و سەقامگیری ئێران دابنێت.
بە پێی ئیرادەی هەر دوو لا بۆ پتەوکردنی پەیوەندییەکان بە تایبەت لە بواری ئابوری، گرنگترین بەربەستەکانی بەردەم پەیوەندییەکان بە چی دەزانن؟
بە پێی ئەوەی کە لە لایەن هەر دوو لاوە، ئیرادەیەکی هاوبەش و داواکارییەکی گەورە بۆ پتەوکردنی پەیوەندییە ئابورییەکان هەیە، بەڵام بێگومان هەندێک کێشە و بەربەست لە بەردەم مسۆگەربوونی ئەم ئامانجەدا هەیە، بۆ نموونە، هەندێک بەربەستی لۆجستی لە دەروازە سنورییەکاندا هەیە. دەبێت لە لایەن هەر دوو لاوە ڕێوشوێنەکانی خێراکردن و ئاسانکاری لە بواری گومرک و جموجوڵە بازرگانییەکان و ئاڵوگۆڕکردنی کاڵاکان لە دەروازە سنورییەکان جێبەجێ بکرێت.
هەروەها دەبێت کەرتی تایبەت لە ئێران و هەرێمی کوردستان چالاکتر بن و ئاسانکارییان بۆ بکرێت و پشتیوانی بکرێن تا بتوانن ڕۆڵ و کاریگەری خۆیان پیشان بدەن.
لە لایەکی دیکەوە، پرسی گەمارۆکانی سەر ئێران ڕەنگە کاریگەریی لە سەر هەندێک بواری هاوکاری ئابوری و بازرگانی هەبێت. هەروەها جیاوازی نێوان سیاسەتە گومرکی و داراییەکانی نێوان بەغدا و هەرێمی کوردستان کاریگەری خۆیی هەیە و پێویستی بە وتووێژی زیاتر بۆ دڵنیایی لە ئاسانکاری لە وەبەرهێنان و بازرگانیدا هەیە. سەبارەت بەمەش شاندەکانی هەرێمی کوردستان بەردەوام لە گەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکومەتی ناوەندی لە بەغدا بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان وتووێژ دەکەن.
بەرەوپێشچوونی ڕێکەوتنە ئەمنییەکەی نێوان ئێران و عێراق چۆن دەبینن، ئایا گرووپەکانی دژبەری شۆڕشی ئیسلامی لە ناوچە سنورییەکاندا نەماون؟
بەرەوپێشچوونێکی بەرچاو لە جێبەجێکردنی ئەو ڕێکەوتنەدا دەبینرێت. بەغدا بە هاوئاهەنگی هەرێمی کوردستان و بۆ دڵنیایی زیاتر، لە سەر جێبەجێکردنی سەرجەم خاڵەکانی ئەو ڕێکەوتنە کار دەکات. لەم پێناوەدا هەنگاوی زیاتر بۆ جێگیرکردن و پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری لە سنورەکان هەڵگیراوە و هەروەها میکانیزمێک بۆ چاودێریکردنی ئەم سنورانە خراوەتە بواری جێبەجێکردنەوە تا ڕێگری لە هەر چالاکییەک بکات کە ڕەنگە ئاسایش و سەقامگیری کۆماری ئیسلامی ئێران بخاتە مەترسییەوە.
هەرێمی کوردستان پابەندی ئەوەیە کە بە هیچ گرووپێک موڵەت نادات خاکەکەی بکاتە سەرچاوەی هەڕەشە بۆ وڵاتانی دراوسێ بە تایبەت ئێران. ئێمە بە بەردەوامی لە سەر ئەم بابەتە کار دەکەین و بۆ دڵنیابوون لە پابەندی تەواو بەم ڕێکەوتنە، لە گەڵ بەغدا هاوئاهەنگیمان هەیە. ئەم بابەتە بۆ ئێمە زۆر جیدییە و گرنگییەکی زۆر بە جێبەجێکردنی ڕێکەوتنەکان دەدەین. هەوڵ دەدەین نیگەرانییەکانی هەر دوو لا چارەسەر بکرێت، لە بەر ئەوەی کە پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری سنورەکان، بەرپرسیارێتییەکی هاوبەشە./.